دیمەنی کۆکردنەوەی پاشماوەی کەرەستەی بیانسازی لە دەروازەی مەخمور. وێنە:ژینگەپارێزی هەولێر.
دەروازەی رێگای نێوان هەولێر و مەخمور لە پاشماوەی خانووبەرە پاککرایەوە
964+
فەهمی نەبی
لە دەروازەی رێگای نێوان هەولێر -مەخمور رووبەرێکی گەورە پاشماوەی خانوبەرە و بیناسازی هەڵدراوەتەوە، دوو رۆژە بەڕێوەبەرایەتیی ژینگەپارێزی هەولێر بە 20 شۆفڵ و قەلاب سەرقاڵی گواستنەوەی ئەو پاشماوانەن.
ئەو رووبەرەی تیمەکەی ژینگەپارێزی هەولێر سەرقاڵی خاوێنکردنەوەین، دەکەوێتە بەشی رۆژئاوای هەولێر، ماوەی چەند ساڵێکە هاوڵاتیان پاشماوەی کەرەستەی بیناسازی لەو شوێنە فڕێدەدەن.
ژیار جەلال، بەڕێوەبەری ژینگەپارێزی هەولێر بۆ 964 وتی، هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت تا هەموو ئەو ناوچەیە لە پاشماوەی خانوو پاکدەکرێتەوە، لە ماوەی ئەو دوو رۆژە رووبەری سێ هەزار و 500 مەتر سێجا پاککراوەتەوە.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لە 21.7.2023 پلانێکی راگەیاند بۆ کۆکردنەوەی پاشماوەی کەرەستەی بیناسازی لە تەنیا شوێنێک و کۆکردنەوەی سەرجەمی ئەو پاشماوانەی لە شوێنی جیاوازدا فڕیدراون.
بە وتەی ژیار جەلال، هێشتا هیچ شوێنێک دیاریی نەکراوە بۆئەوەی بە هاوڵاتیان رابگەیەنرێت، کە لەمەودوا پێویستە پاشماوەی کەرەستەکانی بیناسازی لی فڕێبدەن، بەڵام ئەو پاشماوەیەی ئێستا کۆدەکرێتەوە دەبرێتە زبڵدانی کانی قرژالە.