بەردە گەوهەرییەكانی مۆزەخانەی هەولێر مێژوویان ملیۆنان ساڵە

964+
مریەم ئەحمەد – هەولێر
ڤیدیۆ

مۆزەخانەی هەولێر ژمارەیەکی زۆر بەردی گەوهەری لەخۆدەگرێت، مێژوی هەندێک لە بەردەکان، بۆ ملیۆنان ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە و بووە بە جێگەی سەرنجی گەشتیاران.

سەربەست مەجید، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی هەولێر بە 964+ی وت، مۆزەخانەی هەولێر بۆ بەرد و گەوهەرەكان تاكە مۆزەخانەیە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق كە گرنگی بە بەردە گەوهەرییەكان دەدات، گەوهەر ئەو بەرد و كانزا دەگمەنانەیە كە لە سروشتدا هەن، لە كۆندا بۆ جوانكاریی و پیشەسازیی بەكارهاتوون.

ئەو بەردانەی لەو مۆزەخانەیەدا نمایشكراون تەنیا هی هەرێمی كوردستان نین، بەڵكو بەردی زۆرێک لە ناوچەکانی جیهانە.

دوو جۆر بەردی گەوهەری هەیە ئەوانیش دەریایی و وشكانین، دەریاییەكان ١٢جۆریان نمایشكراون، کە خۆیان لە مروار و سەدەف و توێكڵی كیسەڵ دەبیننەوە، بۆ دروستکردنی ملوانكە و تەسبیح بەکاردێت.

بەڕێوەبەری مۆزەخانەی هەولێر دەڵێت، جگە لە گەوهەرەكان نەیزەكەكانیش نمایشكراون، بۆ نمونە تڕایلۆبایت هەیە تەمەنی ٦٠٠ ملیۆن ساڵە، هەروەها سەری ئەسپی دەریایی هەیە كە تەمەنی سێ تا پێنج ملیۆن ساڵە، هەروەها چەندین جۆری مەرجانی دەوروبەری هەولێر نمایشكراون كە تەمەنیان ٤٥ تا ٥٠ ساڵ دەبێت.

ئەو كەسانەی سەردانی مۆزەخانەی هەولێر دەكەن، جۆراو و جۆرن و پێکدێن لە ئارەزوومەندانی بەرد و گەوهەرەكان، گەشتیاری بیانی و قوتابیان و خوێندکاران.