بەهۆی نەمانی ئۆکسجین پیاوێک لە بیرێکی ئاودا خنکا
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوندێکی ناحیەی گردەسێن پیاوێکی تەمەن 52 ساڵە لەکاتی پاککردنەوەی بیری ئاوی ماڵەکەی، بەهۆی نەمانی ئۆکسجین گیانی لەدەستداوە.
د.سەروار نزار، بەپرسی تیمی 122ی ناحیەی قەسرۆک بە 964ی وت، “رووداوەکە لە گوندی گرگۆران بووە، ئەو کەسەی مردووە بەهۆی نەمانی ئۆکسجین بووە”.
گوندی گرگۆران چەند خولەکێک دەکەوێتە دووری ناحیەی قەسرۆک، بەڵام سەربە ناحیەی گردەسێنە لە قەزای ئاکرێ.
د.سەروار نزار ئەوەش دەڵێت، کوڕەکەی ویستوویەتی باوکی رزگار بکات و دواتر ئەویش دەکەوێتە ناو بیرەکە، بەڵام ئیستا ئەو تەندروستی باشە و دۆخی تەندروستی جێگیرە.
964 پەیوەندی بە بەرگری شارستانی ئاکرێ کرد ئەوان هەواڵەکەیان پشتڕاستکردەوە و کەسەکە گیانی لەدەستداوە، تەرمی ئەو کەسە ئێستا لە پزیشکی دادی شێخانە.