دوو وێستگه‌ی خزمه‌تگوزاری بۆ زیاره‌تكارانی ئێرانی دابین كرا

+964
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

پارێزگای هه‌ولێر رایگه‌یاند دوو وێستگه‌ی پشوودان و خزمه‌تگوزارییان بۆ زیاره‌تكارانی ئێرانی دابین كردووه‌، پێشبینییش ده‌كه‌ن نیو ملیۆن زیاره‌تكار به‌ هه‌ولێره‌وه‌ به‌ره‌و شوێنه‌ پیرۆزه‌كانی شیعه‌ له‌ عێراق بڕۆن.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ راگه‌یاندنی پارێزگای هه‌ولێر به‌ 964ی راگه‌یاند، له‌سه‌ر راسپارده‌ی پارێزگاری هه‌ولێر، له‌ كانی مارانی نزیك سۆران و له‌ پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر، دوو وێستگه‌ی حه‌وانه‌وه‌ و پشوودان له‌ لایه‌ن پارێزگای هه‌ولێره‌وه‌ بۆ زیاره‌تكارانی ئێرانی دابین كراوه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، له‌و دوو وێستگه‌یه‌دا شوێنی مانه‌وه‌، خواردن و خواردنه‌وه‌ دابین كراوه‌ و هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌ك پێشكه‌ش به‌ زیاره‌تكاران ده‌كرێت.

وتیشی، ئه‌و دوو وێستگه‌یه‌ ئێستا ئاماده‌ن و تا 10.9.2023 له‌ خزمه‌ت زیاره‌تكارانی ئێرانی ده‌بن، كه‌ له‌ سنووری حاجی ئۆمه‌رانه‌وه‌ به‌ره‌و هه‌ولێر و له‌وێشه‌وه‌ به‌ره‌و شوێنه‌ پیرۆزه‌كانی ده‌چن له‌ نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا له‌ ناوه‌ڕاستی عێراق به‌ مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له‌ رێوڕه‌سمی چله‌ی ئیمام حوسێن.

پارێزگای هه‌ولێر پێشبینیی ده‌كات نیو ملیۆن زیاره‌تكاری ئێرانی له‌ كوردستانه‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌و ناوچانه‌ی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق بچن.

پارساڵ 70 هه‌زار زیاره‌تكارانی ئێرانی له‌ ده‌روازه‌ی سنووری حاجی ئۆمه‌رانه‌وه‌ به‌ره‌و نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا و به‌غدا زیاره‌تیان كرد و به‌ هه‌مان شێوه‌ خزمه‌تگوزاری و ئاسانكاری زۆریان پێشكه‌ش كرا، راگه‌یاندنی پارێزگای هه‌ولێر واده‌ڵێت.

له‌ رۆژی 18ی ئه‌م مانگه‌وه‌ زیارەتکارانی شیعە لە پاریزگاکانی باکووری ئێران لە رێگەی مەرزی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانه‌وه‌ بۆ چلەی ئیمام حوسێن بە کوردستاندا تێدەپەڕن بۆ بەغدا و کەربەلا و نەجەف.

بڕیارە تا 6.9.2023، کە یەکەم رۆژی چلەی ئیمام حوسێنە، زیارەتکارانی باکووری ئێران لەو مەرزەوە بەرەو بەغدا و کەربەلا و نەجەف بچن.