ناوبازاڕی تەکیە. فۆتۆ: 964
زەوی بۆ بەقاڵەکانی تەکیە دابینکراوە بەڵام ناڕۆن
+964
هۆکر عەدنان – چەمچەماڵ
لەگەڵ ئەوەی بێ بەرامبەر زەوییان بۆ دابینکراوە، بەڵام خاوەن عەرەبانە و مێزەکانی ناو بازاڕی تەکیە ئامادە نین چۆڵی بکەن، چونکە پێیان وایە لە دەرەوەی بازاڕەکە بێ بازاڕ دەبن.
رۆژانە لە دوای کاتژمێر دووی دوای نیوەڕۆوە میوەفرۆش و بەقاڵەکانی ناحیەی تەکیەی کاکەمەند دێنە ناو بازاڕ و بەردەمی نۆرینگە پزیشکییەکان.
ئێستا زەوییەکی تایبەت و بێ بەرامبەر بۆ عەرەبانچی و خاوەن مێزەکان دابینکراوە، ئەمەش لە پێناو رێکخستنەوەی ناوشار، بەڵام خاوەن کارەکان نایانەوێت شوێنەکەیان چۆڵ بکەن.
بەهۆی دروستکردنی ئاستەنگی بۆ هاوڵاتیان و هاوتۆچۆ، هەندێک جار تیمەکانی شارەوانی و پۆلیس، کاسبکاران غەرام ەدەکەن یان دەستدەگرن بەسەر کەلوپەلەکانیاندا.
چەند کاسبکار و بەقاڵێک بە 964ـیان وت، ئەم شوێنەی ئێستایان باشە و بازاڕیان هەیە و لە ناو بازاڕدایە، ناکرێت بڕۆنە شوێنی دیکە و کڕیاریان نەبێت.
ئیبراهیم ئەحمەد سەرۆکی شارەوانیی تەکیەی کاکەمەند بە964ـی وت، ئەوان بەردەوام خەریکی رێکخستنەوەی بازاڕن، ئێستا زەوییەکیان بێ بەرامبەر دابینکردووە و نزیکی بازاڕە و ئەوان بڕۆنە ئەو شوێنە باشترە، بۆ ئەوەی ئەوەندە سزا نەدرێن.
وتیشی، داوا لە خاوەن عەرەبانە و مێزەکان دەکەن شوێنەکەیان بگوازنەوە بۆ ئەوەی نەبنە هۆی بارگرانی و قەرەباڵغی بۆ خەڵکی، بە تایبەت ئەو هاوڵاتیانەی دەچنە نۆرینگەکان.
ئەو زەوییەی دابینکراوە بۆ بەقاڵەکان رووبەرەکەی 40 مەتر درێژە و 15 مەتر پانە و مێز و کەپری تێدا دابین کراوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی