داوا دەکرێت نرخی بەنزین لە کوردستان وەک عێراق بکرێتە 450 دینار

964+

فەرمان سادق

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە نووسراوی فەرمی داوای لە وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە بەشە بەنزینی کوردستان زیاد بکات و نرخەکەشی هاوتا بکات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی 964، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە نووسراوی فەرمی داوای لە وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە بەشە بەنزینی کوردستان لە 540 هەزار لیتری رۆژانە بکاتە ملیۆنێک و 80 هەزار لیتر کە دەکاتە 40 تانکەر.

هاوکات لە نووسراوێکی تردا، داوایکردووە بەهای بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومی لە کوردستانیش هاوشانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق لە 750 دینارەوە بکرێت بە 450 دینار.

لە ئێستادا وەزارەتی نەوتی عێراق، رۆژانە 20 تانکەر بەنزین رەوانەی کوردستان دەکات کە دەکاتە 20 تانکەری 36 هەزار لیتری، ئەو بڕە بەنزینەش هەشت تانکەری بۆ پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، حەوت تانکەری بۆ پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و پێنج تانکەریش بۆ پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیە.

فەلاح مەولود، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی کانزایی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە 964ـی وت، بەردەوام نووسراو بۆ وەزارەتی نەوت دەکەین، دوا نووسراو لە سەرەتای ئەم مانگە کردوومانە و جەختمان لە زیادکردنی بەشە بەنزین و هاوتاکردنی نرخ کردووە.

فەلاح مەولود کە نوێنەری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانە بۆ وەرگرتنی بەشە سووتەمەنی کوردستان لە نەوت و بەنزین لە وەزارەتی نەوتی عێراق، هێندە داوامان کردووە وایلێهاتووە هەندێکجار وەڵامی تەلەفۆنەکانیشمان نادەنەوە.

دەشڵێت: ئەوان وەعد دەدەن، بەڵام جێبەجێی ناکەن، دەیانجار وەزیری نەوتی عێراق وەعدی بە وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت داوە، بەڵام هیچی جێبەجێ نەکردووە.

زیاتر وتیشی “ئەو پرسە پێویست دەکات  لەسەر ئاستی شاندی کوردستانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق باس بکرێت بۆ ئەوەی وەزیری نەوتی عێراقی بڕیار بدات تاوەکو  کۆمپانیای گشتی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی عێراقی جێبەجێی بکات”.

بە قسەی فەلاح مەولود بێت، دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژانە ملیۆنێک و 80 هەزار لیتر بەنزین بنێرێت، بەڵام ئەوان 540 هەزار، واتە نیوەی دەنێرن، جگە لەمەش لە 10.7 تاوەکو 2.8، واتە بۆ ماوەی 23 رۆژ، بەشە بەنزینی کوردستان راگیرا بوو، دواتر تەنیا 15 تانکەر رەوانە کرا، ئینجا کرایە 20 تانکەر.

زیاتر وتیشی “بەپێی رێکەوتن کە ساڵی 2022ـش جێبەجێ کراوە، دەبێت رۆژانە 40 تانکەر بنێرن، بەڵام هێشتا پێیەوە پابەند نین”.

دوو نووسراوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە کاتێکدایە قەیرانی بەنزین هەیە و لیترێک بەنزینی نۆرمال لە بەنزینخانە ئەهلییەکان سەرووی هەزار دینارە، لە حکومیەکانیش پێویست سەرووی سێ کاتژمێر نۆرە بگریت، رەنگە بگەیتە بەردەم مزەخەی ناو بەنزینخانەکە و بەنزین نەمێنێت.