دوو پەرستارەکە پوری منداڵەکە دەرچوون
964+
فەرمان سادق
دوای بڕیارەکەی وەزارەتی تەندروستی، نەخۆشخانەی ئەربیل ئینتەرناشناڵ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد کە دەستکاری ڤیدیۆکە کراوە بە ئامانجی لێدان لە سومعەی نەخۆشخانەکە، لە هەوڵیشدان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی بۆ گەراندنەوەی هەردوو پەرستارەکە.
دکتۆر بێوار رزگار، سەرپەرشتیاری کەیسی نەشتەرگەری منداڵەکە دەڵێت، ئەو ڤیدیۆیەی لە سۆشیال میدیا بڵاوکراوەتە هی 27.7.2023 کە نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتوو بووە و لە نەخۆشخانەکەمان ئەنجامدراوە، نەک هی دوێنێ بێت کە سۆشیال میدیای تەنیوە.
دکتۆر بێوار رزگار، کە سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەی نەخۆشخانەکەی کردووە لە بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی کە لەناو نەخۆشخانەی ئەربیل ئینتەرناشناڵ ئەنجامیاندا، باس لەوەدەکات کە ڤیدیۆکە شێوێندراوە و دەستکاری کراوە بۆ ئەوەی سومعەی نەخۆشخانەکەی پێ لەکاردار بکرێت، ئەگەرنا ئەوەی لە ڤیدیۆکە بەدەرکەوتووە پوری منداڵەکەیە.
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا، پوری منداڵەکە، مۆبایلە ئایفۆنەکەی خوشکی بۆ شاشەی کەناڵەکانی راگەیاندن بەرزکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە ڤیدیۆکە بەو مۆبایلە گیراوە و ئەوەیشی لە سۆشیال میدیا بڵاوکراوەتەوە دەستکاری زۆری کراوە.
پوری منداڵەکە کە دەکاتە خوشکی دایکی منداڵەکە و پەرستارە لە نەخۆشخانەی ئەربیل ئینتەرناشناڵ و یەکێک بووە لە ستافی نەشتەرگەرییەکە، باس لەوەشدەکات کە لەسەر داوای دایک و باوکی منداڵەکە ڤیدیۆکە گیراوە، دووپاتیش لەوە دەکاتەوە کە ڤیدیۆکە “زۆر شێوێندراوە”.
دواتر دایکی منداڵەکە لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا رایگەیاند کە هیچ سکاڵایەکیان لەسەر نەخۆشخانەکە نییە و ئەوان “زۆر بە باشی نەشتەرگەرییەکەیان ئەنجامداوە”.
کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەی نەخۆشخانەی ئەربیل ئینتەرناشناڵ، هاوکات بوو لەگەڵ سەردانی تیمێکی وەزارەتی تەندروستی بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کە بە دوایدا لە بەیاننامەیەکی حەوت خاڵیدا، سزای نەخۆشخانەکە و هەردوو پەرستارەکەی دا.
دکتۆر بێوار رزگار، ئاماژەی بەسەردانی تیمەکەی وەزارەتی تەندروستی کرد و رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی لەسەر خەتین بۆ گەراندنەوەی هەردوو پەرستارەکە، چونکە هەردووکیان کەسوکاری منداڵەکەن.
قسەکانی دکتۆر بێوار رزگار، لە کاتێکدابوو بە نیو سەعات پێشتر وەزارتی تەندروستی دوورخستنەوەی هەردوو كارمەندی نەخۆشخانە بە ناوەكانی (گ.ع.ع) و (س.ص.م) لە نەخۆشخانەی ناوبراو، سەرەڕای نەبوونی رێگەپێدانی كاركردنی ئەم دووكارمەندە لە لیستی نەخۆشخانە.