رێگای بەردەڕەش موسڵ نۆژەندەکرێتەوە

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

رێگا بەردەڕەش موسڵ نۆژەندەکرێتەوە و چاڵ و قۆرتەکانی پڕ دەکرێنەوە.

رێگای بەردەڕەش موسڵ، درێژییەکەی 22.5 کیلۆمەترە و بە گوژمەی سەرووی دوو ملیار دینار نۆژەن بکرێتەوە.

قۆناغی یەکەم کە پڕکردنەوەی چاڵ و قۆرتەکانی رێگاکەیە لە پردی مەندان دەستی پێکردووە تاوەکو زاڵگەی گەڕەکی تەحریری ناو موسڵ، لە قۆناغی دووەمیش بڕیارە قاتی دووەمی قیرتاوەکە دەستپێ بکات.

نۆژەنکردنەوەی رێگاکە لە 18ـی ئەم مانگە دەستی پێکردووە و کۆی تێچووی پڕۆژەکەش دوو ملیار و 513 ملیۆن دینارە.

رفعەت سمۆ رەشۆ، یاریدەدەری پارێزگاری موسڵ بۆ کاروباری کارگێڕی بە 964ـی وت، بڕیارە قۆناغی یەکەم و دووەمی پڕۆژەکە لە ماوەی 150 رۆژدا کۆتایی پێبهێندرێت و تەواوی خەرجییەکەی لەسەر بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی موسڵە.

بە نۆژەنکردنەوە و و قیرتاوکردنی رێگاکە، دەبیتە دووەم رێگەی بەستنەوەی موسڵ بە سنووری پارێزگای دهۆک، بەڵام گرنگی ئەم رێگایە لەوەدایە کەوا قەزاکانی بەردەڕەش و ئاکرێ بە ناحیە و گوندەکانی هەردوو قەزاکە دەتوانن لە داهاتوودا بە نزیکترین رێگا بە سەنتەری موسڵ دەبەسترێنەوە و ئەمەش کارئاسانی زۆر بۆ دانیشتووانی ناوچەکە دەکات .

پێداچوونەوە: فەرمان سادق