رۆژانە بەشی پێنج هەزار کەس خواردن فڕێدەدرێت

964+
دیلان محەمەد جەزا

رۆژانە خەڵکێکی زۆر لە دەرەوەی ماڵەکانی خۆیان نان دەخۆن، بەڵام بەشێکیان تەواوی ئەو خواردنە ناخۆن کە بۆیان تێدەکرێت.

بە سۆراغی 964، لە شارێکی وەکو سلێمانیدا، بە هەموو خواردنگە و ماڵەکانەوە، رۆژانە 700 تۆن خواردنی بەرماوە فڕێدەدرێت.

هەروەها لەناو سەنتەری شارەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک رۆژانە 1245 تۆن خۆراکی بەسوود، کە دەکرێت ئەوانی تر تێر بکات، فڕێدەدرێت.

جا ئەمە ئەگەر هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و سۆران و زاخۆی لەگەڵ بێت، ژمارەکە بۆ دوو هێندە و زیاتریش بەرزدەبێتەوە.

بەشێک لەو چێشتخانە و خواردنگانەی قسەمان لەگەڵ کردن، زۆربەی خەتاکە دەخەنە ئەستۆی هاڵاتیان، دەڵێن، کابرا بەشی دوو نەفەر داوا دەکات و دواییش بۆی ناخورێت و مەجبورین فڕێی بدەین.

لە راستیدا، بەهەدەردانی خواردن جگە لە زیانی ئابووری، زیانی ژینگەییشی هەیە، رۆژانە دەبێت پاشماوەی خۆراک لە جۆرەکانی دیکەی خۆڵ جیا بکرێتەوە، ئەمە جگە لەوەی لە هەرێمی کوردستان هێشتا ریسایکلینێکی وا بوونی نییە ئەو خواردنە بەرماوانە بکاتەوە بە وزە.

بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی کردوومانە، لە سەرجەم شار و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، 70%ـی ئەو پاشماوانەی فڕێدەدرێن خواردنە و ئەو بڕەش بەشی زیاتر لە پێنج هەزار کەس دەکات تاوەکو تێربخۆن و بێ شێو سەرنەنێنەوە.