لە ناحیەی شیلادزێ ئاوی حەوت گوند بە کەڵکی خواردنەوە نایەت
964+
هێڤی دێوالی – دهۆک
ئاوی حەوت گوندی سەر بە ناحیەی شێلادزێ شیاوی خواردنەوە نییە، فەرمانگەی ئاوی ئامێدیێش دەلێت، “ساڵی داهاتوو ماستەر پلانمان هەیە بۆ دروستکردنی پڕۆژەی ئاو”.
گوندەکانی ناوچەی شێلادزێ پێکهاتوونە لە (خاستو ژووری و خاستو ژێری و لاتکا و دێوکێ و سارکێ و هلورا و بەرێسکێ) لە ساڵی 1998-ەوە، ئەو گوندانە بەدەست کێشەی ئاوەوە دەنالێنن، پێشوتر هەر گوندێک سەرچاوەیەکی سروشتی ئاویی هەبووە، بەڵام بەهۆ رێژەی زۆری خوێ لە ئاوەکە بەکەڵکی خواردنەوە نایەت.
مێهڤان زێباری، دانیشتوی گوندی خاستوو ژووری بە 964ی وت، ئاوی گوندەکەی ئێمە تەندروست نیە، ژمارەیان نزیکەی 20 ماڵ دەبێت بەهۆی زۆری رێژەی ئاوی سوێر، تانکی و موبەریدەی هەموو ماڵەکان گیرە “کلس”ی گرتووە.
ئەو هاوڵاتییە دەڵێت، “ناچارین ئاوی خواردنەوە لە گوندی دیکە بهێنین یان بیکڕین، داواکارین ئەو پڕۆژە ئاوەی لە ئامێدی جێبەجێدەکرێت بۆ ئێمەش بێت”.
بەشار حەجی، بەرێوەبەری فەرمانگەی ئاوی دهۆک بە 964ی وت، “تەنیا ئاوی چوار گوند بەکەڵکی خواردنەوە دێت، بەردەوام پشکنین بۆ ئاوی ئەو ناوچانە دەکەین، لە پڕۆژەی ستراتیجی داهاتوو ئاو بۆ ئەو گوندانە دەبەین”.
بەگوێرەی زابیارییەکان، ئەو پڕۆژە ستراتیژیەی بڕیارە جێبەجێبکرێت لە رووباری زێی گەورە لە ناحیەی دێرەلوک بۆ قەزای ئامێدی دێت.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی