دوو کارگەی نوێ لە کفری دروست دەکرێن

964+

فەهمی نەبی

وەبەرهێنانی گەرمیان دەڵێت، دروستکردنی دوو کارگەی نوێی (خشت و گەچ) لە کفری بڕیاری لێدراوە و بەمنزیکانە نوسراویان بۆ دەکەین و دەستبەکار دەبن.

هونەر مەحمود، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی گەرمیان بە 964ی وت، “بۆ قەزای کفری پڕۆپۆزەلی نۆ پڕۆژەمان لەژێر دەستە داوامان لە کۆمپانیاکان کردووە دەستبەکاربن، دوو پڕۆژەی دیکە لە کفری جێبەجێدەکرێن ئەوانیش کارگەی خشت و کارگەی گەچە کە بەمنزیکانە نوسراویان بۆ دەکەین و دەستبەکاردەبن”.

سەبارەت بە پڕۆژەی نوێی وەبەرهێنان بۆ ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، هونەر مەحمود دەڵێت، دوو پڕۆژی گەورەی نیشتەجێبوون مۆڵەتیان لە دەستەی وەبەرهێنان هاتووەتەوە، کە دەکەوێتە سەر زۆنی سیروان، کۆی سێکتەرەکانی وەبەرهێنان تیایدا جێیدەبێتەوە.

بەوتەی بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی گەرمیان، پڕۆژەیەکی دیکەی ناوچەکە قیرتاوکردنی سایدی دووەمی شەقامی 60 مەتری کەلارە، کە خاڵی گواستنەوەی نێوان کەلار و گەرمیانە و کۆمپانیای قەیوان تێچووی گرتووەتە ئەستۆ.

وەبەرهێنانی گەرمیان دەڵێت، بڕیار وایە کۆرنیشێک لەسەر زێی سیروان دروست بکرێت کە هاوشێوەی کۆرنیشەکانی دیکەی عێراق دەبێت.