کۆمسیۆن ژمارەی دەنگدەرانی کوردستان ئاشکرا دەکات

964+

فەرمان سادق

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن تۆماری دەنگدەران لە کوردستان ئاشکرا دەکات و دەڵێت، سێ ملیۆن و 641 هەزار و 566 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن بە 964ـی راگەیاند، ئەوانەی تاوەکو 16.8.2023 وەک دەنگدەری نوێ تۆمارکراون، ژمارەیان 147 هەزار و 983 دەنگدەرە.

زیاتر روونیشی کردەوە لە هەولێر 60 هەزار و 258 دەنگدەری نوێ تۆمارکراوە، لە دهۆکیش 27 هەزار و 898 و لە سلێمانیش 59 هەزار و 827 دەنگدەری نوێ خۆیان تۆمار کردووە.

وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن، ئاماژەی بە لەدایکبووانی 2005 کرد کە مافی دەنگدانیان هەیە لە کوردستان، دەڵێت: ژمارەی ئەوانەی مافی لەدایکبوونیان هەیە لە هەولێر ژمارەیان هەشت هەزار و 877 کەسە، لە دهۆکیش پێنج هەزار و 507 کەس و لە سلێمانیش پێنج هەزار و 885 کەسە کە لە هەڵبژاردنی داهاتوو مافی دەنگدانیان دەبێت و خۆیان تۆمار کردووە.

وتەبێژی کۆمسیۆن ئاماژەی بە دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری کرد بۆ دەنگدانی گشتی و ئاوارەکان و تایبەت کە تاوەکو 17.8.2023 دابەشکراوە، وتی “لە هەولێر 93 هەزار و 944 کارتی بایۆمەتری دابەشکراوە، لە دهۆک 28 هەزار 110 کارت و لە سلێمانیش 108 هەزار و 637 کارتی بایۆمەتری دابەشکراوە”.