100 قوتوو شیری رێگه‌پێنه‌دراو ده‌ستیبه‌سه‌ردا گیرا

+964
ئه‌رسه‌لان عه‌بدولا

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی هەولێر ئاشكرای كرد، تیمه‌كانیان توانیویانه‌ ده‌ست به‌سه‌ر 100 قوتوو شیردا بگرن، كه‌ رێگه‌پێدانی فه‌رمیی نییه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ بڵاویكرده‌وه‌، تیمەکانی چاودێریی تەندروستی و سەلامەتی خۆراک دەستیان گرت بەسەر بڕی 100 قوتوو شیری جۆری (نوتریلۆن)، کە ئەم جۆرە شیرە لە وەزارەتی تەندروستی تۆمار نەکراوە و رێگەپێدانی فەرمی بۆ به‌كارهێنان نییە.
سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، ‎تیمەکانی چاودێریی تەندروستی و سەلامەتی خۆراک بەردەوامن لە پشکنین و بەدواداچوونی ئەو شوێنانەی شیری منداڵان دەفرۆشن ، لە ئەگەری هەبوونی هەر جۆرە شیرێکی تۆمارنەکراوی وەزارەتی تەندروستی لە هەر شوێنێک خاوەنەکەی سزای دارایی دەدرێت و رێکاری یاسایی بەرامبەردا دەگیرێتە بەر.