دیمەنی باڵەخانەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی _ وێنە: 964
گۆڕینی ناوی تانجەرۆ بۆ عەربەت دەخرێتە دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگاوە
964+
پێشەوا محەمەد
گۆڕینی ناوی ناحیەی تانجەرۆ بۆ عەربەت دەخرێتە دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە و بڕیاری لەبارەوە دەدرێت.
وا بڕیارە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو 24.8.2023 لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکە ئەو بابەتە یەکلایی بکرێتەوە.
گۆڕینی ناوەکە لەسەر داوای ئیدارەی ناحیەی عەربەت بووە، چونکە وەک خۆیان دەڵێن دوو ناوی کێشەی بۆ دروست کردبوون.
دابان محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت بە 964ـی راگەیاند، لە کۆی 26 فەرمانگەی حکومی ناحیەکەیان تەنیا پێنج دانەیان ناویان تانجەرۆیە، بۆیە دەیانەوێت لە سەرجەم فەرمانگە و نووسراوەکان و تەنانەت مامەڵەکانیشدا، ئیتر بە ناوی عەربەتەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن.
ناحیەی عەربەت لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە قەزای ناوەندی پارێزگای سلێمانییە و نزیکەی 19 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری سلێمانییەوە دوورە و دەکەوێتە باشووری سەنتەری پارێزگاکە.