مه‌ڕوماڵاتى ره‌وه‌نده‌كان خه‌ڵكی پێنجوێنیان بێزار كردووه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

مه‌ڕو ماڵاتى ره‌وه‌نده‌كانى گه‌رمیان هاوڵاتیانى پێنجوێنیان بێزاركردووه‌ به‌هۆى ئه‌وه‌ى به‌سه‌ر رێگا سه‌ره‌كییه‌كان مه‌ڕوماڵات ده‌بنه‌ كوێستانه‌كان و ئاسته‌نگ بۆ هاتوچۆى شۆفێران دروستده‌كه‌ن.

ساڵانه‌ له ‌وه‌رزى به‌هاردا، ره‌وه‌نده‌كان مه‌ڕوماڵاته‌كانیان ده‌بنه‌ كوێستانه‌كان و له‌لایه‌ن حكومه‌تیشه‌وه‌ مه‌رج بۆ بردنى مه‌ڕه‌كانیان دانراوه‌، كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت به‌سه‌ر رێگا سه‌ره‌كیه‌كان مه‌ڕوماڵاته‌كانیان ببه‌ن.

پێشتر له‌سه‌ر هه‌مان كێشه‌، رێكخراوێكی ژینگه‌یی پێنجوێن 400 ئیمزایان كۆكرده‌وه‌ و چوونه‌ لای پارێزگار و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى و توانیان كۆمه‌ڵێك بڕیار و مه‌رج وه‌ربگرن كه‌له‌سه‌ر مه‌ڕداره‌كان جێبه‌جێ بكرێت.

غه‌ریب پێنجوێنی، ئه‌ندامى‌ ده‌سته‌ى سه‌رپه‌رشتیارى (گروپی نه‌مام) له‌ پێنجوێن، به‌ 964ـى وت، ره‌وه‌نده‌كانى گه‌رمیان و شاره‌زوور ساڵانه‌ كێشه‌و گرفتى جیاجیا بۆ ژینگه‌ و كشتوكاڵى سنووره‌كه‌یان دروستده‌كه‌ن.

وتیشی “له‌دوێنیوه‌ چه‌ند مێگه‌له‌ مه‌ڕێكیان به‌سه‌ر رێگاى سه‌ره‌كى پێنجوێن ده‌به‌نه‌ كوێستانه‌كان، كه‌ ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ى بڕیار و یاسایه‌كانه‌ كه‌ بۆیان دانراوه‌”.

گروپی نه‌مام له‌لایه‌ن سێ كه‌سی خۆبه‌خشه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ماوه‌ى شه‌ش ساڵه‌ كار بۆ سه‌وزكردنى رێگا‌ سه‌ره‌كییه‌كانى پێنجوێن ده‌كات، تا ئێستا نزیكه‌ى 20 هه‌زار نه‌مام و دره‌ختى جیاجیاى چاندووه‌.

به ‌قسه‌ى غه‌ریب پێنجوێنی، كاتێك ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ ده‌هێندرێن، له‌ ده‌شته‌كانى پێنجوێن به‌ڕه‌ڵڵایان ده‌كه‌ن و به‌ رۆیشتن ده‌یانبه‌نه‌ كوێستانه‌كان، له‌ وه‌زرى پاییزیش كه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ به‌ ناو بێستانه‌كانى كاڵه‌ك و شوتى و خه‌یار ده‌یانبه‌نه‌وه‌ ئه‌مه‌ش زیانى زۆر به‌ جوتیاران ده‌گه‌یه‌نن.

ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه،‌ كه‌ پارێزگارى سلێمانى نووسراوى بۆ  قه‌زاو ناحیه‌و ئاسایشه‌كانى ئه‌و سنووره‌ كردووه‌ كه‌ له‌مه‌ودوا به‌بێ ره‌زامه‌ندى ئیداره‌ى پێنجوێن نابێت ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ بهێندرێنه‌ ئه‌و سنووره‌.