وەردەگیرێتەوە

ئەو جوتیارانەی گەنمیان ماوە خەمی لێ نەخۆن

964+

توانا نەقی

هێشتا بەشێک لەو جوتیارانەی حاسڵاتی گەنمیان زۆربوو ئەمساڵ و بەشێکی ماوەتەوە نازانن چۆن ساغی بکەنەوە کۆمپانیایەک دەبێتە فریادڕەس و لێیان دەکڕێتەوە.

کۆمپانیای قەیوان لە سنوری سلێمانی و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پارێزگای هەڵەبجە گەنمی جوتیاران ئەوانەی کە ماون وەردەگرێتەوە.

ستار مەحمود بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە بە 964ـی وت، نازانن چەنێک گەنم ماوە لای جوتیاران، بەڵام بەشێک لە جوتیاران گەنمی باشیان لامەوە و سوودمەند دەبن لە فرۆشتنی بەو کۆمپانیایە.

وتیشی، لیژنەی وەرگرتنی گەنمی قەیوان دەچێتە لای ئەوان و لیستی ئەو جوتیارانەی گەنمیان ماوە وەردەگرێت و پێش وەخت جوتیارەکان گەنمە کانیان پشکین دەکەن بۆ ئەوەی لە پشکنینی کۆمپانیاکە زۆر دوانەکەون و دەیاندرێتێ.

بۆ هەر تۆنێک کۆمپانیاکە 600 هەزار دینار دەدات بە جوتیاران، بڕیاریشە کۆمپانیایەکی دیکە گەنمی جوتیارانی هەولێر و دهۆک وەربگرێتەوە.

دلێر کەمال بەرپرسی راگەیاندنی کۆمپانیای قەیوان بە 964ـی وت، دەستیان کردووە بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە 13.8.2023ـەوە بۆ ماوەی مانگێک و تا 13.9.2023 بەردەوام دەبن.

وتیشی، گەنمەکە لە تاقیگەی خۆیان پشکنینی بۆ دەکەن و بە پێی پلە یەک و دوو و سێ جیایدەکەنەوە و وەری دەگرن و وەزارەتی کشتوکاڵ نرخەکەی بۆ دیاری کردوون.

بەرپرسی راگەیاندنی قەیوان ئەوەشی روونکردەوە، هەرچەند گەنم لەلای جوتیاران بێت ئەوان دەتوانن وەریبگرن زیاتر لە 150 هەزار تۆن وەردەگرن، چونکە رۆژانە لە سایلۆی قەیوان 1000 تۆن گەنم دەهاڕن و دەیکەن بە ئارد.

زۆریک لە جوتیاران دوای ئەوەی بە بڕی دیاریکراو حکومەتی عێراق گەنمەکانیانی وەرگرت بەوپێیەی ئەمساڵ ساڵێکی هات بوو بۆ گەنم گەنمەکانیان بەشێکی ماوەتەوە بە کڕینەوەی لەلایەن ئەو کۆمپانیاوە گەنماکانیان ساغ دەکەنەوە و سوودمەند دەبن.