لە هەرێم ئەپلیکەیشنێکی گەشتیاری دروست دەکرێت

964+

پێشەوا محەمەد

دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم هەنگاوی کرداری بۆ دروستکردنی ئەپلیکەیشنێک ناوە، کە سەرجەم سێکتەری گەشتیاری تێدا جێگە دەکرێتەوە.

لە هەنگاوی یەکەمدا ئەپلیکەیشنەکە بە زمانەکانی کوردی، ئینگلیزی و عەرەبی دەبێت و راستەوخۆ گەشتیار دەتوانێت لە فڕۆکەخانە و دەروازەکانەوە داونلۆدی بکات و “پێویستی بە پرسیار و گەڕان نابێت”.

“سەرجەم شوێنە گەشتیارییەکان لەخۆ دەگرێت بە لۆکەیشن و دوورییەکانیان و ئەو رێگایەش کە پێیدا دەگەنە شوێنەکە، هەروەها لە ئەپەکەوە دەتوانن لە هۆتێل و رێستۆرانتەکان پێشوەختە شوێن بگرن”، ئەوە قسەی ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزارە بۆ 964.

دەشڵێت، جگە لە زانیاری لەسەر شوێنە گەشتیارییەکان لە ئەپەکەدا زانیاری دەربارەی مێژوو، جوگرافیا، کولتوور و شارستانییەتی کوردستان بڵاودەکرێتەوە.