کەشناسی: ئەمساڵ وشکەساڵی نابێت

964+

توانا نەقی – هەولێر

بە قسەی کەشناسی، ئەمساڵ وشکەساڵی نابێت، چونکە رێژەی بارانبارین زیاترە لە پار ئەم کاتانە، ئەمەیان بە فەرمی راگەیاندووە.

لە دوو ساڵی رابردوو، وشکەساڵی لە هەرێمی کوردستان راگەیەندرا.

دیلان رەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە، بەپێی راپۆرتەکانی رێکخراوی کەشناسی جیهانی و ئەزموونی شارەزایان، پێناچێت ئەمساڵ وشکە ساڵی رووبدات، “پێدەچێت ئەمساڵ بارانبارێن زۆر بێت، هەر بەپێی پێشبینییەکان دوای ورزی زستانیش بەهارێکی باراناوی دێت و باران بەردەوام دەبێت.

ئەوەشی روونکردووەتەوە، لە ئێستادا بەهۆی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست، شەپۆلێکی بارانی مامناوەند رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، شەپۆلەکە بە نمەباران دستی پێکردوە و دواتر رێژەی دابارین زیاتر دەبێت، “ئەم شەپۆلی بارانبارینە تا رۆژی پێنجشەممە بەردوام دەبێت و چاوەڕێناکرێت لافاو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دروستبێت”.

مەترسی وشکەساڵی کە دوو ساڵی رابردوو هەرێمی کوردستانی گرتەوە، کاریگەری لەسەر کەمبوونی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی هەبوو، بۆیە هاوڵاتیان لە چاوەڕوانی نەمانی وشکە ساڵیدان و هیواخوازن کە ساڵێکی پڕ باران بێت.