قەرەباڵغیەکەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل چارەسەر کرا
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
بە مەبەستی نەهێشتنی قەرەباڵغی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، میکانزمێکی نوێ بۆ هاتوچووی گەشتیاران جێبەجێ دەکرێت.
تاکە دەروازەکەی بەستنەوەی هەرێمی کوردستان بە تورکیا، بەهۆی هاتوچۆی زۆری گەشتیاران و ئاڵوگۆڕی بازرگانی، بەردەوام قەرەباڵغە ئەمەش ئاستەنگی دروستکردبوو.
بۆ چارەسەری ئەو قەرەباڵغییە، میکانیزمێکی نوێ گیراوەتەبەر، بە جۆرێک ئەوانەی بەردەوام و کەمتر لە 15 رۆژ سەردانی تورکیا دەکات، رێگایەکی بۆ تایبەت دەکەن.
بەپێی میکانیزمەکە بێت، ئەوانەی بەردەوام سەردانی تورکیا دەکەن یانیش لە تورکیاوە سەردانی کوردستان دەکەن، ئیدی پێویست ناکات لە دەروازەکە زۆر بمێننەوە و وردبینی بۆ پاسپۆرت و گەشتەکەیان بکرێت، تەنیا ئەوە نەبێت ناویان لە کۆمپیوتەر دەدرێت، ئەگەر بەردەوام هاتوچۆ بکەن، ئەوا بە رێگایەکی تایبەت و رێکاری کەمتر، رێگایان بۆ دەکرێتەوە، واتە پێچەوانەی ئەوانەی ماوە ماوە سەردان دەکەن کە پێویست دەکات تەواوی رێکارەکان ببڕن تاوەکو رێگەی چوونیان پێبدرێت بۆ تورکیا، یانیش بێن بۆ کوردستان.
بە قسەی بەرپرسانی دەروازەکە، ئەو میکانزمە یارمەتی گەشتیارانیش دەدات و لۆد و قەرەباڵغی هاتوچۆ لە دەروازەکە کەمتر دەکاتەوە.
کامی کەمال، وتەبێژی دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل بە 964 راگەیاند: لەمەبەدواوە ئەو گەشتیار و بازرگانانەی روژانە و حەفتانە گەشت بۆ تورکیا دەکەن وەک ئەو کەسانە مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت کە مانگی جارێک یان ساڵ و دوو ساڵ جارێک گەشت دەکەن.
964 دەزانێت، ئەمرۆ میکانزمەکە جێبەجێکرا.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق