له‌ بنارى قه‌ندیل ره‌وه‌ ورچێك مێشهه‌نگوینى دوو هاوڵاتی تێكده‌دات

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ نزیك گوندى ئێندزه‌ى بنارى قه‌ندیل، ره‌وه‌ ورچێك له‌ مێشهه‌نگوینى هه‌نگه‌وانانیان داوه‌ و تێكی شكاندوون، هاوڵاتیه‌كى ئه‌و گونده‌ش خاوه‌نه‌كانى له‌و رووداوه‌ى ورچه‌كان ئاگادار ده‌كاته‌وه‌.

بنارى قه‌ندیل به‌هۆى هه‌ڵكه‌وته‌ جوگرافییه‌كه‌ى شوێنێكی گونجاوه‌ بۆ به‌خێوكردنى هه‌نگ، به‌ڵام ئاژه‌ڵه‌ دڕنده‌كانى وه‌ك ورچ و به‌راز كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌و ناوچانه‌ هه‌ن،‌ ده‌رفه‌ت ده‌قۆزنه‌وه‌ تێكی ده‌شكێنن.

پێشتریش لە کوێستانی کانی سپی و به‌رده‌بووك، له‌ سنوورى باڵه‌كایه‌تى، ورچ هێرشیان کردبووە سەر مێشهەنگوینی هاوڵاتییان و تەواوی مێشکەکانیان تێکشکاندبوون .

سامان كه‌ریم، خه‌ڵكی گوندى ئێندزه‌ به‌ 964ـى وت، شه‌وى رابردوو ره‌وه‌ ورچێك هاتوونه‌ته‌ سه‌ر مێشهه‌نگوینى دوو هاوڵاتى و هه‌مووى تێكداون.

مێشه‌كان لە ناوچه‌ى گامۆڵانى نزیك ئه‌و گونده‌ بوونه‌ و ئه‌و هاوڵاتییه‌ش ده‌ڵێت “مێشه‌ تێكداروه‌كان هی دوو هاوڵاتین ئه‌وانیش محه‌مه‌د مام حه‌سه‌ن و محه‌مه‌د مام مه‌حمود كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ له‌و شوێنه‌ دایناون”.

به‌قسه‌ى هاوڵاتیانى بنارى قه‌ندیل و دۆڵى باڵه‌كایه‌تى لە کوێستانەکانى ئه‌و دوو شوێنه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر ورچ هەن و به‌ئاشكرا بینراون.

به‌ پێی زانیارییه‌كانى 964، لە کۆتایی وەرزی بەهاردا دوا قوناغی گواستنەوەی مێشەکانه‌، کە دەگوازرێنەوە بۆ ناوچە کوێستانیەکان، بۆ بەدەستهێنانی بەرهەمی زیاتری هەنگوین، تا کۆتایی مانگی 10 دەمێننەوە، مێشەکان دەبڕێنەوە و دواتر دەهێنرنەوە ناوچە گەرمەکان.