رووباری خەلیفان بەرەو وشکبوون دەچێت

+964
ئاکام غەفور – خەلیفان

ئاوی رووباری خەلیفان بە تەواوی کەمی کردووە و به‌ره‌و وشكبوون ده‌چێت، کشتوکاڵی خەلیفانیش لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەدان.

سەرچاوەی رووبارەکە لە گوندی بلەیە، درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە گەلی عەلی بەگ، تاڤگه‌ی گەلی عەلی بەگ لە رووبارەكه‌دا دروست بووه‌.
ئاوی رووبارەکە سەرچاوەی کشتوکالی خەلیفان و گوندەکانی دەوروبەریەتی، هەموو شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری خەلیفانیش لەسەر ئاوی رووباره‌كه‌ن.
964 دەزانێت ساڵانی رابردوو شێوازی نۆرە لە نێوان جوتیارانی ناوچه‌كه‌ پەیڕەو دەکرا، بە شێوەیەک رۆژانی پێنجشەممه‌، هەینی و شەممە ئاو بۆ شوێنە گەشتیارەکان بوو، رۆژانی دیكه‌ی هەفتە بۆ جوتیاران بوو.
محه‌مه‌د حەسەن جوتیارێکی خەلیفانه‌ و بە 964وت، “رووبارەکە رەز و باخێکی زۆری لەسەرە، ئەگەر ئەو ئاوە نەبێت باخەکانمان وشک دەبێت، ئەمسال ئاوەکەی زۆر کەمی کردووه‌ و زۆر بە زەحمەت دەتوانین باخەکانمان ئاو بدەین”.
موخلیس رەسول بەڕێوه‌بەری بەشی کشتوکاڵی خەلیفان بۆ 964 وتی، ئاوەکە وەک سالانی رابردوو کەمی کردووه‌ و فشارێكی زۆری لەسەرە، بەهۆی بوونی ژماریەکی زۆری سەیرانگه‌كان، کە ئاوەکە گلدەدەنەوە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر کەم بوونی ئاوەکە هه‌یه‌، هه‌روه‌ها بە مەبەستی کشتوکاڵ 26 جۆگەی ئاو لەسەر رووبارەكه‌ هەڵبه‌ستراون.

وتیشی، لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەدان، بە شێوەیەک نە جوتیاران زەرەمەند بن باخەکانیان وشک بێت، نە شوێنە گەشتیارییەکان بێ ئاو بن، بۆ ئەو مەبەستەش قسەیان لەگەل موختاری گوندەکان کردووە، بۆ ئەوەی بتوانن هاوسەنگییەک دروست بکەن و نەهێلن رووبارەکە وشک بێت.

خەلیفان بە هۆی بوونی رووباره‌كه‌یه‌وه‌، شوێنێکی گونجاوە بۆ کشتوکال و گەشتیاری، داری سپیندار زۆرترین رووبەری کشتوکاڵی خەلیفانی داگیرکردووە، بەڵام پێویستی بە ئاوێکی زۆرە، دۆلی مەلەکان، دۆلی ئالانە و چەمی خەلیفان گرنگترین شوێنە گەشتیارییەکانی ناوچه‌كه‌ن.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا