قەزای کەلار - وێنە: 964
خێرخوازێک ئامادەیە سەنتەرێکی ئۆتیزم لە گەرمیان بکاتەوە
+964
هونەر فارس- گەرمیان
لە گەرمیان هیچ سەنتەرێکی حکومی بۆ تووشبوانی ئۆتیزم نییە، خێرخوازێکیش بەڵێنی داوە بینایەکیان بۆ دروستب کات، ئەمە بە وتەی کاروباری کۆمەڵایەتیی گەرمیان.
بیناکە لە سەنتەری قەزای کەلار دەبێت و سەرجەم ئەو تایبەتمەندیانە لەخۆ دەگرێت، کە بۆ منداڵانی ئۆتیزم پێویستن.
سەنتەرەکە سەنتەرێکی حکومی دەبێت، بەڵام حکومەت تا ئێستا نەیتوانیوە دروست یبکات، بۆیە بە ناچاری خێرخواز ئەو ئەرکە لەئەستۆ دەگرێت.
ژیلوان عادل بەڕێوەبەری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی گەرمیان، بۆ 964 وتی: بە گوێرەی ئەو دەرخستەی بۆمان ئەنجامداوە، بیناکە نزیکەی 200 هەزار دۆلاری (20 دەفتەر) دۆلاری پێویستە، بۆ ئەو مەبەستە شارەوانیش شوێنی بۆ دابینکردووین.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان داواکاریمان ئاراستەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کردوە و هەرکات رەزامەندیان پێداین، خێرخوازەکە دەست بە دروستکردنی سەنتەرەکە دەکات.
بە گوێرەی ئەو ئامارە نافەرمیانەی کە دەست 964 کەوتووە، لە گەرمیان نزیکەی 300 منداڵی توشبوو بە ئۆتیزم هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی سەنتەری حکومیەوە بەشێک لەو خێزانانە منداڵەکانیان دەبەنە سەنتەرە ئەهلیەکان، یان بەهۆی بارودۆخی منداڵەکەیانەوە باردەکەن بۆ سلێمانی.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا