پیشه‌ى هه‌نگه‌وانى زۆر بووه‌ به‌رهه‌میش رووى له‌ كه‌مییه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

سەرۆکى کۆمەڵەى تۆڕى هەنگەوانان ده‌ڵێت، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى به‌رهه‌می ئه‌مساڵ له‌چاو پار نیوه‌ى كه‌میكردووه‌، به‌ڵام خواستى هاوڵاتیان له‌سه‌ر پیشه‌ى هه‌نگه‌وانى زۆرتر بووه‌.

لە کوردستان کۆمەڵێک هەنگەوان هەن پێکەوە تۆڕێکیان دروستکردووەو ناویان ناوە “تۆڕی هەنگەوانانی کوردستان”.

ئامارەکانی ئەو تۆڕە پیشانی دەدات ساڵی 2017 بڕی هەنگوینی بەرهەمهاتوو 450 تۆن بووە ساڵی دوای ئەوە دابەزیوە بۆ 100 تۆن ئینجا بەرزبووەتەوە بۆ 500 تۆن، ساڵى 2021 گەیشتووەتە 700 تۆن و ساڵی پاریش 800 تۆنه‌، به‌ڵام به‌ قسه‌ى سه‌رۆكى ئه‌م تۆڕه‌، ئه‌مساڵ به‌رهه‌مه‌كه‌یان له‌ كورتى داوه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ سه‌ر 400 تۆن.

عارف شێروانى سەرۆکى تۆڕ، به‌ 964ـى وت، خواست لەسەر پیشەى هەنگه‌وانی لە هەرێمى کوردستان بەرەو زیادبوونه‌ و ده‌شڵێت ” ئێستا 15 هەزار هاوڵاتى بە پیشەى بەخێوکردنى هەنگەوە خه‌ریكن و نزیکەى هەشت هەزار پورەهەنگیش له‌هه‌رێمدا هەیە”.

شێروانى باسی له‌وه‌شكرد، ئه‌مساڵ له‌چاو ساڵى پار به‌رهه‌مه‌یان كه‌مه‌ و هۆكاره‌كه‌ش بۆ کەمى و خراپی شیلەى رووەک و دار گه‌ڕانده‌وه‌، کە هەنگ بۆ دروستکردنى هەنگوین پشتى پێدەبەستێت.

“ئه‌مساڵ ته‌نیا 400 تۆن هەنگوین لە هەرێمى کوردستان بەرهەم هاتووە، به‌ڵام ساڵى پار 800 تۆنمان بەرهەم هێنا” عارف شێروانى واى وت.

به‌پێی ئاماره‌كانى ئه‌و تۆڕه‌، پێویستی ناوخۆى هه‌رێمی كوردستان بۆ هەنگوین 525 تۆنە، به‌ڵام ئه‌مساڵ كه‌متر له‌و رێژه‌یه‌ به‌رهه‌م هاتووه‌و ناشتوانن بۆ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمی بنێرن.

هەنگوین زۆر بووە... بەس بۆخۆمانە

هەنگوین زۆر بووە... بەس بۆخۆمانە