هۆکاری داخستنی تەلەگرام بوو

“سەدام حسێن” هەزاران زانیاری عێراقییەکان ئاشکرا دەکات

964+

فەرمان سادق

هۆکاری داخستنی تەلەگرام لە عێراق ئاشکرا بوو کە کەناڵێک بەناوی (داتا بەیس) دزەی بە زانیارییە کەسییەکانی هاوبەشانی هەردوو کۆمپانیای ئاسیا سێل و زەین کردووە.

کۆمپانیای زەین و ئاسیا سێل، دوو کۆمپانیای پەیوەندین، ئەوەی یەکەمیان بەگوێرەی زانیارییەکان بێت کە خۆیان لە 19.7.2023 بڵاویان کردووەتەوە، ژمارەی هاوبەشانیان 17 ملیۆن و 600 هەزار کەسە، هەرچی کۆمپانیای ئاسیا سێلە تاوەکو 31.12.2020، ژمارەی هاوبەشانی 14 ملیۆن و 700 هەزار کەس بووە.

کەناڵەکە، کە کەناڵێکی نەناسراوە، نەک تەنیا زانیارییەکانی هاوبەشانی هەردوو کۆمپانیاکەی بڵاوکردووەتەوە، بەڵکو هەر کەسێک هەژماری لەسەر تیک تۆک و ئینستاگرام لەسەر ژمارە مۆبایل دروست کردبێت، ئەوانیشی بڵاوکردوونەتەوە.

کەناڵی (داتا بەیس) لەسەر تەلەگرام، نەک هەر تەنیا دزەی بە زانیارییەکانی ئەو دوو کۆمپانیا پەیوەندییە عێراقییە کردووە بەڵکو هی ژمارەیەک وڵاتی دیکەی ناوچەکەشی بڵاوکردووەتەوە، لەوانە عەرەبستانی سعوودیە و ئیسرائیل و بەنگلادیش.

ئەو کەناڵە لە 8.8.2023 لەسەر تەلەگرام دروستبووە، یەکەم بابەت کە بڵاوی کردووەتەوە ڤیدیۆیەکی سەدام حسێن، سەرۆک کۆماری پێشووتری عێراقی بڵاوکردووەتەوە، ئەمەش وایکردووە بە کەناڵی سەدام حسێن بناسرێت.

بڵاوکردنەوەی ئەو زانیارییانە لەو کەناڵە وەک ئالنگارییەک وابوو بۆ حکومەتی عێراق، چونکە قۆناغی یەکەمی دزەپێکردنی زانیارییەکان لە سەرەتای ئەم مانگە بوو، ئەوەی لە 8.8 ئەنجامیدا دوای قەدەغەکردنی تەلەگرام بوو.

دزەپێکردنی ئەو زانیارییانە لە کاتێکدایە رۆژی 6.8.2023، وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق هۆکاری راگرتنی تەلەگرامی بۆ بوونی مەترسی گەڕاندەوە و رایگەیاند؛ پلاتفۆڕمی تێلیگرامیان راگرتووە لەسەر راسپاردەی ”لایەنە باڵاکان” بە چەند هۆکارێک کە پەیوەستە بە ئاسایشی نیشتمانی و دزەپێکردنی زانیاریی هاوڵاتیان.

هەر ئەمڕۆ، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند کە خاوەنی کۆمپانیای تەلەگرام ئامادەیی نیشانداوە بۆ هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق و ئەو کەسەش ئاشکرا دەکەین کە زانیارییەکانی دزە پێکردبوو.

نەورەس عارف، شارەزای تەکنەلۆژیا دەڵێت: ئەوە گەورەترین دزە پێکردنی زانیارییە لە مێژووی عێراق، ئەوەی روویداوە هەر بە راستی کارەساتە.

وتی “ئەوەی روویداوە هاک کردن نەبووە، بەڵکو خراپ ئیدارەدانی زانیارییەکانی حکومەتە کە هۆکارەکەشی ئەوەیە کەسانی شیاو لەو شوێنانە دانەنراون، بۆیە لەوەی روویداوە کۆمپانیای تەلەگرام لێی بەرپرس نییە، تەنیا ئەوە نەبێت کە بەرپرسیاریەتییەکی ئەخلاقی دەکەوێتەسەر شان لە بەدەمەوە هاتن بۆ داواکاری حکومەتی عێراق کە داوای سڕینەوەی زانیارییەکان دەکات کە زیانی بە ئاسایشی نیشتمانی عێراقی گەیاندووە”.

نەورەس عارف، دەشڵێت؛ هەردوو کۆمپانیای ئاسیا سێل و زەین بەرپرسن لە دزەپێکردنی زانیاری هاوبەشەکانیان و دەبێت رێکار بگرنەبەر بۆ پاراستنی هاوبەشەکانیان.