رۆژنامەی سەباح زانیاری داوە

بەمزووانە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر دەبن

964+

پێشەوا محەمەد

رۆژنامەی سەباحی نیمەچەفەرمی عێراق رایدەگەیەنێت، کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا سەبارەت بە بودجە و داهاتی نانەوتی هەرێم بەم زووانە چارەسەر دەکرێت.

رۆژنامەکە لە ژمارەی ئەمڕۆ شەممە 12.8.2023ـدا لە راپۆرتێکدا روونیکردووەتەوە، کێشەی هەرێم و بەغدا سەبارەت بە داهاتی ناوخۆ و نانەوتی ماوە و “هەرێم سوورە لەسەر رادەستکردنی نیوەی ئەو داهاتە و بەغداش داوای هەمووی دەکات”.

رۆژنامەکە ئاشکراشی کردووە، بەغدا سوورە لەسەر رەوانەکردنی پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق و موچەی فەرمانبەران، “کۆتا وەفدی هەرێمیش کە سەردانی بەغدای کردبوو گفتوگۆی تەواویان سەبارەت بە موچەی فەرمانبەران کردووە”.

لە ئێستادا لیژنەیەکی حکومەتی عێراقی وردبینی لە داهاتی نانەوتی هەرێم دەکات.

نەرمین مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە 964ـی راگەیاند، ئەگەر هەموو کێشەکان چارەسەر بکرێن عێراق مانگانە لەنێوان 18 بۆ 25ـی هەموو مانگێک بەشە بودجەی کوردستان دەنێرێت، کە مانگانە ترلیۆنێک و 250 ملیار دینارە بەبێ داهاتی ناوخۆ.