ئیداره‌ى زاخۆ له‌ بوارى ته‌ندروستى ده‌گه‌شێته‌وه

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ زاخۆ بڕى هه‌شت ملیار دینار بۆ كه‌رتى ته‌ندروستى هه‌ردوو قه‌زاى ناوه‌ندى زاخۆ و باتیفا ته‌رخانكرا و به‌قسه‌ى ئیداره‌كه‌ش پڕۆژه‌ى جیاجیاى ته‌ندروستى پێ جێبه‌جێ كراون.

له‌وه‌ته‌ى زاخۆ كراوه‌ته‌وه‌ ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆ كه‌مترین پڕۆژه‌ى ته‌ندروستى لێ ئه‌نجام دراون، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان به‌ هه‌شت ملیار دیناره‌، زاخۆ له‌ رووى ته‌ندروستى ده‌گه‌شێته‌وه‌.

ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە راگەیاندراوێکدا ئه‌وه‌ى روونكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ لە هەردوو قەزای زاخۆ و باتیفا، نۆ بنکەی تەندروستی نۆژەنکراونەتەوە و بنکەیەکی تەندروستییش لە گەڕەکێکی میللی سەنتەری زاخۆ دروست کراوە.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، ئامێر و کەلوپەلە تەندروستییەکانی نەخۆشخانە و بنکەکانی تەندروستی، بەتایبەتی دانانی سیستەمی پێشکەوتوو بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ دابینکراوە.

ئیداره‌ى زاخۆ ده‌شڵێت، هه‌ر به‌و بڕه‌ پاره‌یه‌، نەخۆشخانەی منداڵان لە قەزای باتیفا ئێستا لە قۆناغی دروستکردندایە و پێداویستییە پزیشکییەکانی نەخۆشخانەی گشتیی زاخۆش ئێستا لە خزمەت هاوڵاتییاندایە.