چۆن خۆت لە گەرمای بەتین دەپارێزیت؟

964+

پێشەوا محەمەد

ئەم گەرما بەتینەی ئەم رۆژانە هەیە ئەگەر ئاگات لە خۆپارێزی نەبێت لێکەوتە و کاریگەری خراپی لەسەر جەستە و تەندروستیت دەبێت.

بەپێی رێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی، پێویستە لە گەرمای بەتیندا هاوڵاتیان خۆیان لە بەرکەوتنی راستەوخۆی تیشکی خۆر بپارێزن. هەروەها بۆ خۆپاراستن لەم بەرکەوتنانە دەتوانیت جلێک لەبەربکەی کە ئەستوور نەبێت و هاوینە بێت و زۆرتر لە مادەی کەتان پێکهاتبێت، ئەمە سەرباری سوودبینین لە کڵاو و چاویلکەی دژەخۆر.

بە پێی رێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، لەبەرئەوەی بەهۆی گەرماوە ڕێژەیەکی زۆر ئاوی لەش لەدەست دەدرێ و ئەم رێژەیەش پێویستی بە قەرەبووکردنەوەیە، بۆیە گرنگە تا دەتوانرێت بە شێوەیەکی بەردەوام ئاو بخورێتەوە و هەروەها شلە و شلەمەنیش لە ژەمە خۆراکییەکاندا زیاتر بکرێت.

“هەوڵ بدە کەمتر خۆت ماندوو بکەی، چونکە ماندوێتی لەگەڵ گەرمای بەتین سەردەکێشێت بۆ حاڵەت و نەخۆشی دیکە. هەروەها بنەماکانی پاکوخاوێنی زیاتر لە جاران رەچاو بکە، بۆ ئەوەی بەدوور بیت لە تووشبوون بە نەخۆشیيە گوازراوەکان بەتایبەتی سکچوون و رشانەوە”، ئەوەش هەر لە چوارچێوەی رێنماییەکانی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانیدایە.

سەبارەت بە منداڵیش بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، “منداڵ لەناو ئۆتۆمبێلدا بەجێمەهێڵن و هەوڵیش بدەن ئۆتۆمبێلەکانتان لە کاتی راوەستان و کوژانەوەدا دابپۆشی. هەروەها جامەکانیشی قەپات نەکەیت، ئەگەر ئەوانە جێبەجێ نەکەیت پلەی گەرمی نێو ئۆتۆمبیلەکە زۆر بەرز دەبێتەوە و کێشە و زیانی لەسەر جەستەی خۆت و سەرنشینەکانی تر لێدەکەوێتەوە”.