داوای قوتابخانە دەکات بۆیان
وەزارەتی کار دەیەوێت تووشبوانی ئۆتیزم لە قوتابخانە بخوێنن
964+
پێشەوا محەمەد
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەیەوێت وەزارەتی پەروەردە رازی بکات قوتابخانە بۆ تووشبوانی ئۆتیزم بکاتەوە.
بە پێی زانیارییەکانی وەزارەتەکە، لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 561 کەیسی تووشبووی ئۆتیزم تۆمار کراون.
نزیکەی چل سەنتەری تایبەت هەن و لە هەریەکە لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک و ئیدارە سەربەخۆی راپەڕین سەنتەری ئۆتیزمی حکومی هەیە.
ناجی عەلی، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆتیزم لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم بە 964ـی وت، “هەفتەی داهاتوو لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە کۆبوونەوەمان هەیە و بەتایبەت لەسەر کردنەوەی قوتابخانەی حکومی قسە دەکەین بۆ تووشبوانی ئۆتیزم”.
وتیشی، “قوتابخانە زۆر پێویستە و تا ئێستا یەک قوتابخانەی تایبەت هەیە لە هەولێر. چونکە پێویستە دوای شەش ساڵ ئەو منداڵانە لە سەنتەر نەمێنن و بچنە قوتابخانە”.