شوقەیەک داخرا بۆتۆکس و فیلەری تێدا دەکرا

+964

هاوبەش ئەبوبەکر

قایمقامیەتی سلێمانی شوقەیەک دادەخات لەسەر ئەوەی تێیدا بە شێوەیەکی ناتەندروست بۆتۆکس و فیلەر بۆ خەڵک کراوە.

شوقەکە لە نێو پرۆژەی نیشتەجێبوونی تەلاری کوێستانی گەڕەکی کانی کوردەیە و خاوەنەکەی مۆڵەت و بڕوانامەی نەبووە لەو بوارەی کە کاری تێدا کردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 10.8.2023، قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، ئەو کەسانەی کاریان لە ناو شوقەکەدا کردووە، “بە شێوەی گەڕۆک لە نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان فیلەر و بۆتۆکسیان بۆ خانمان کردووە، لە رێگەی پەیجەکانی سۆشیاڵ میدیاوە کاتیان بۆ کڕیارەکانیان دیاریی کردوە بۆ سەردانکردن”.

د. باوان عەبدولڕەحمان، نوێنەری تەندروستی لە قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، به‌ فه‌رمانی قایمقامی سلێمانی شوقەکە داده‌خرێت و خاوه‌نه‌كه‌شی‌ رووبه‌ڕووی رێكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه.