گرفتەکانی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل چارەسەردەکرێن

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

پارێزگاری شرناخ سەرەدانی زاخۆی کرد و لەسەر کێشەکانی دەروازەکە لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەکە کۆبوونەوە.

لە ماوەکانی رابردوو ئێستاشی لەگەڵ بێت لە دەروازەی سنوری ئیبراهیم خەلیل رۆژانە قەرەباڵغییەکی زۆر دروست دەبێت بۆ هاتوچۆی گەشتیاران لە هەردوو دیوی تورکیا و هەرێمی کوردستان.

ئەوە یەکێکە لە هۆکارەکانی سەردانی ئەو شاندەی پارێزگای شرناخ بۆ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و دەیانەوێت ئەو گرفتانەی هەیە بە گفتوگۆو لێکتێگەیشتن چارسەری بکەن.

شڤان عەبدی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە 964ـی وت، پێشتر گەشتیاران و بازرگانان رووبەڕووی چەندین کێشە دەبوونەوە لەوانە مانەوەیان لە دەروازەکە و کەڵەکە بوونی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان و رێگەنەدان بە هاتوچۆیان بە ئاسانی، بۆیە بڕیاری کۆبوونەوە دراوە لە نێوان هەردوولا.

جگە لە چارەسەرکردنی کێشەکان، پەرە بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی نێوان هەرێم و تورکیا بدرێت و هەردوو لا زیاتر سوود لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی ببینن و هەموو ئاسانکاریەک بۆ گەشتیاران و هاوڵاتیان و بازرگانان بکرێت. شڤان عەبدی وای وت.

زۆرجار ئەو گەشتیارانەی دەیانەوێت لە رێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە گەشت بکەن لە 12 بۆ 24 کاتژمێر دەمێننەوە و ناخرێنە رێ و قەرەباڵغی زۆر دروست دەبێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی