ساغکردنەوە.. خاڵە چاودێریەکەی پۆلیسی دارستانی قۆرەتوو دانەخراوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
دوای بڵاو بوونەوەی دەنگۆی داخرانی خاڵی چاودێری پۆلیسی دارستانی ناحیەی قۆرەتوو، بەرپرسێکی پۆلیسی دارستان رەتی دەکاتەوە و دەڵێت دەکرێتە هەمیشەیی و پۆلیسیشی بۆ زیاد دەکرێت.
ناحیەی قۆرەتوو، دەکەوێتە سنووری ئیدارەی گەرمیان و سەربە قەزای کەلارە.
بەھۆی ھەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە ئاژەڵی کێوی لە سنوری ناحیەی قۆرەتوو، پۆلیس خالێکی چاودێری لەو ناوچەیە دانابوو، بەڵام چەند رۆژێکی دەنگۆی هەڵگیرانی ئەو خاڵەی چاودێریەی پۆلیس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەکە بڵاوبووەتەوە.
شوان محەمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی گەرمیان بە 964ـی وت، لەماوەی رابردوودا بەھۆی کەمی میلاک و پێداویستی تەنیا لە ھەندێک کاتدا دەرچوون و گەڕان ئەنجامدەدرا، رەنگە ئەمە هۆکاری ئەو دەنگۆیە بێت.
دەشڵێت: ئێستا ئەو خاڵە بووەتە فەرمی و شەش پۆلیسی تری بۆ دابینکراوە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق