لە یادی لەدایکبوونی بەختیار عەلیدا سوپاس بۆ سالنجەر

964+

پێشەوا محەمەد

تەمەنی 17 ساڵ دەبێت، رۆمانی “پاسەوانێک لە مەزرا”ـی جەی دی سالنجەر دەخوێنێتەوە، زۆر بە کارەکتەری سەرەکی ناو رۆمانەکە “هۆڵدن کۆڵفیلد” سەرسام دەبێت، ئەو رۆمانەش یەکێک بووە لەو کتێبانەی وای لەو کردووە ببێت بە نووسەر، ئەو کەسە بەختیار عەلییە، نووسەرێکی بەناوبانگ و پڕبەرهەمی کورد، کە ئێستا نەک تەنیا بە زمانی کوردی، بەڵکو بەشێک لە رۆمانەکانی بۆ زمانەکانی ئەڵمانی، ئیتالی، ئینگلیزی، عەرەبی و فارسی وەرگێڕدراون و دەخوێندرێنەوە. کەواتە دەبێت بڵێین، سوپاس سالنجەر.

باسی بەختیار عەلی دەکەین

ساڵی 1983، ئەوکاتە کە لە بەشی زەویناسی لە زانکۆی سەڵاحەدین دەخوێنێت، لە خۆپیشاندانەکانی ئەوکاتەدا بریندار بووە، بۆ ئەوەی نەبێتە سەرباز ساڵی 1985 روو دەکاتە ئێران و هەشت مانگ لەوێ دەژیت و بەهۆی نالەباری ژیانی کەمپەوە دەگەڕێتەوە، بەڵام دواتر دەچێتەوە رۆژهەڵاتی کوردستان.

دوای قەسیدەی “نیشتیمان”، یەکەم کۆمەڵە شیعری بەناونیشانی “گوناهـ و کەرنەڤاڵ” لە ساڵی 1992 بڵاوکردەوە و ساڵی 1994 لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، کوردستان بەرەو سوریا و دواتر بەرەو ئەڵمانیا جێدەهێڵێت و تا ئێستاش لەوێ نیشتەجێیە.

لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێیانی دامەزرێنەری هەریەکە لە گۆڤارەکانی ئازادی و رەهەند بوون، کە خاوەنی دەنگدانەوەی گەورەی ناو رۆشنبیری کوردین.

لە کاروانە ئەدەبییەکەیدا، خاوەنی 12 رۆمان و دوو شانۆنامە و هەشت کتێبی فیکری و 12 بەرگی کۆکراوەی بەرهەمەکانیەتی.

نیلی زاکس و شێرکۆ بێکەس

ساڵی 2014 و دوای یەک ساڵ تێپەڕین بەسەر گیانلەدەستدانی شێرکۆ بێکەسی شاعیردا، بەختیار عەلی دەبێتە خاوەنی یەکەم خەڵاتی ساڵانەی شێرکۆ بێکەس.

ساڵی 2017 و دوای وەرگێڕانی دوو رۆمانی، نووسەر دەبێتە براوەی خەڵاتی نیلی زاکس لە شاری دۆرتمۆندی وڵاتی ئەڵمانیا، کە بە یەکێک لە خەڵاتە ئەدەبییە بەناوبانگەکان دادەندرێت لە ئەڵمانیادا.

شتێڤان ڤایدنەر، لە وتاری لیژنەی داوەرانی براوەی خەڵاتەکە لە رێورەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکەدا لە وتارێکدا وتی، “زنجیرەیەکی زۆری کتێبی بەختیار عەلی دەبینین. ئێمەش ئێستا و لە دۆرتموند، بۆمان هەیە بڵێین، ئێمەی لەگەڵدا بووین، بەو شێوەیە دۆرتموند دەتوانێت ستایشی خۆی بکات و خۆی بەناوبانگ بکات، نەوەک تەنیا لە تۆپی پێدا، بەڵکو لە ئەدەبیشدا، دەتوانێت لە ئەدەبیشدا لە لوتکەی جیهانی ئەدەبیاتدا بێت. لە نیویۆرک، لە لەندەن، لە پاریس هێشتا خەڵك ئەم هەڵگری خەڵاتەمان ناناسن، بەڵام وا نامێنێت”.

دەشڵێت، “دەتوانین رۆمانەکانی بە رۆمانی فریادڕەس ناوبهێنین، چونکە جەنگ دژ بە مەرگ بە هەند وەردەگرن”.

حەزی لە سینەما بووە

بەختیار عەلی دەڵێت، شتێک کە بەردەوام حەزی لێ بووە و نەیتوانیوە بیهێنێتەدی ئەوە بووە ببێتە سینەماکار، بەڵام رۆمانەکانی سینەمایین و ئەو حەز و خولیایە بە تەواوی رەنگیداوەتەوە.

ئەو نووسەرە هیچ وەسیەتێکی نییە، لە چاوپێکەوتنێکیدا دەربارەی وەسیەت دەڵێت، وەسیەتی نووسەرەکان لەناو نووسینەکانیاندایە.

“حەزم دەكرد لە قۆناغێكدا بژیم رێزێكی زیاتری بۆ نووسین و نووسەر تێدابێت، بەڵام من لە قۆناغێكدا ژیام، رێزی شڕترین كاڵا لە رێزی نووسەری راستەقینە زیاترە، بەلامەوە گرنگە لە كۆمەڵگەیەك ببابامایە بە زیندوێتی لە نووسەرەكانی بپرسێت لە كوێدا دەتەوێت بژیت، نەوەك بپرسێت لە كوێدا بتنێژن”، بەختیار عەلی خۆی وای وتووە.

بەختیار عەلی 8.8.1966 لەدایک بووە و ئەمڕۆ یادی 57 ساڵەی تەمەنیەتی، ئەو تراژیدیای کوردبوونی بەسەر شانی خۆیداداوە و هێواش هێواش لەناو کتێبخانەکانی دنیادا دابەشیان دەکات.

ئەو نووسەرێکی دەگمەنە، پڕ بەرهەمە، لە یەککاتدا شیعر، رۆمان، شانۆنامە و کتێبی فیکری دەنووسێت، وەک شێرکۆ بێکەسی شاعیر دەڵێت، “خوایەک لەگەڵ بەختیار عەلیدایە، لە کاتی نووسیندا قەڵەمەکەی لێوەردەگرێت و لە جیاتی ئەو دەنووسێت”.