20 پیشەوەر دەستگیرکراون

پیشەوەرانی کەرکوک خێمەیان هەڵدا

964+

كاروان ساڵحی

لە دژی بڕیاری دەركردنی پیشەوەرانی گەراجی سلێمانی بۆ گواستنەوەیان بۆ ناوچەی پیشەسازی نوێ، پیشەوەرانی کەرکوک خێوەتیان هەڵداو دەستیان بە مانگرتن كرد و شەقامی دووسایدی ئەو بازاڕەیان داخست.

ئەمڕۆ سێشەممە،  پیشەوەرانی گەراجی سلێمانی بۆ رۆژی سێیەم دوكانەكانیان پێ داخراوە لە لایەن لیژنەی زیادەڕەوی قایمقامیەت و هێزە ئەمنیەكان، پێشەوەرانیش لە دژی بڕیاری گواستنەوەیان خێمەیان هەڵداوە و مانیانگرتووە.

موەفەق عەلی، یەکێک لە پیشەوەرەکان بە 964ـی وت، ئەو دوكانەی تیایدا كاری پیشەوەری دەكات تاپۆی هەیە و چەندین ساڵە كاری تێدا دەكات و چی ویژدانێك قبوڵ دەكات ئێرە بەجێبهێڵن و برۆن دوكان بە كرێ بگرم.

وتیشی، تاكو ئێستا بە هۆی هەڵویسَت وەرگرتنەوە زیاتر لە 20 پیشەوەر دەستگیركراوە، لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە بەغدا قسەمان كردوە ئەوان بە هیچ شێوەیەك ئاگادار نین.

لە رۆژی یەکەمی هەڵمەتەکەوە فەلاح یایچی قایمقامی کەرکوک بە 964ـی وت، دەبێت فەرمانی وەزارەتی ژینگە جێبەجێبکرێت کە بەهیچ شێوەیەک نابێت پیشەواران لەناو شاردا بن و دەبێت بگوازرێنەوە بۆ ناوچەی پیشەسازی دەرەوەی شار.

پیشەوەرانی گەراجی سلێمانی زیاتر لە 500 دوكان و گەراجە و بە وتەی خۆیان بژێوی ژیانی هەزارن خێزانی لەسەرە، زیاتر لە 50 ساڵە ئەو پیشەوەرانە لەو شوێنە نیشتەجێن و کاردەکەن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی