8.8.1988 وەستانی شەڕی ئێران و عێراق

ئەو دوو وڵاتەی هەمیشە ناتەبا وناڕێک بوون

964+

لەپڕ پێشکەشکارە سمێل پڕە دەنگ گڕەکە لەسەر شاشەی کەناڵی فەرمی عێراق دەرکەوت، ئەمە میقداد مورادە، لەماوەی هەشت ساڵی جەنگی عێراق ئێراندا رووخسارێکی باو بوو لای عێراقییەکان، هەموو جارێک وەک بایەقووش هەواڵی شەڕی پێبوو، بەڵام دەرکەوتنی ئەمجارە لە 8.8.1988 بۆ ئەوە بوو بەیاننامەی راوەستانی شەڕە خوێناوییەکەی عێراق و ئێران بخوێنێتەوە.

رۆژی 22ی ئەیلولی 1980 شەڕی ئەم دوو دەوڵەتە نایارو دراوسێیە سەری هەڵدا، گێڕانەوەی جیاواز هەیە بۆ سەرەتای شەڕەکە، عێراق دەڵێت ئێران دەستپێشخەری کردووە و ناوچە سنوورییەکانی بۆردومان کردووە، ئێرانیش دەڵێت عێراق دەستپێشخەر بووە و بە فرۆکە هێرشی کردوونەتە سەر.

ساڵێک پێش شەڕەکە سیستەمی فەرمانڕەوەیی ئێران گۆڕابوو خومەینی دەسەڵاتی گرتبووە دەست و کۆتایی بە حوکمی شا هێنابوو، لە عێراقیش سەدام بووبووە سەرۆک کۆمار و شوێنی ئەحمەد حەسەن بەکری گرتبووەوە.

هەردوو وڵات تەواو ناتەبا و ناکۆک بوون، هۆکاری هەرە دیار و سەرەکیش لەسەر شەتولعەرەب و ئەو سنورانە بوو کە سەدام لە رێکەوتننامەی جەزائیری 1975 بۆ پووکاندنەوەی شۆڕشەکەی کورد دابووی بە ئێران.

لە سەرەتای شەڕەکەوە هەموو شت لە بەرژەوەندی عێراق بوو، هێزە عێراقییەکان لە هەندێ ناوچە هەتا قوڵایی 120 کیلۆمەتر چوونە خاکی ئێرانەوە، بەڵام ئێران لە ساڵی دووەمی شەڕ خۆی رێکخستەوەو هێرشی پێچەوانەی دەست پێکرد.

گورزی هەرە گەورەی ئێران لە حوزەیرانی 1986 بوو کاتێک شاری فاوی گرت و دەستی گرت بەسەر بەندەرە نەوتییەکانی عێراقدا و ساڵی دوای ئەوەش ئۆپەراسیۆنی کەربەلای پێنجی دەست پێکرد بۆ گرتنی بەسرە، بەڵام لە مەیاندا شکستی هێنا، هەندێ سەرچاوە دەڵێن تەنیا لەو شەڕەدا 60 هەزار سەربازی ئێرانی و 20 هەزار سەربازی عێراقی کوژراون.
سەدام لە ساڵەکانی ئەم جەنگەدا دەستی واڵا بوو بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی دژی کورد و دەستپێکردنی پرۆسەی ئەنفال.

هەر دوولایەنی شەڕ هەرچییان لە دەست هات کردیان، تەڕ و وشکیان پێکەوە سوتان، شەوانەش شاشەی تەلەفزیۆنەکان بڕگەی جێگیریان هەبوو بۆ پیشاندانی کوژراوەکانی یەکتر.

جەنگ حەوت ساڵ و 10 مانگ و 29 رۆژی خایاند، بە هەردوو لا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس کوژران و دوو ئەوەندەش بریندار بوون، زیانە داراییەکانیش بە 400 ملیار دۆلار مەزەندە کران.

لە ساڵی 1987 عێراق ئامادەیی نواند بۆ رازی بوون بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش، بەڵام ئێران نە دەچووە ژێر بار، تا ئەو کاتەی عێراق لە ساڵی 1988 هێرشی گەورەی کردە سەر ئێران و هەموو جۆرە چەکێکی تیا بەکارهێنرا، دواجار خومەینی پیاڵە ژەهرەکەی خواردەوەو رازی بوو بە وەستانی شەڕەکە.

رۆژی 8ی ئاب پێشکەشکارە دەنگ گڕەکە بەیاننامەکەی خوێندەوەو رۆژی 20ی ئابی 1988 وەک وادەی کۆتایی شەڕ دیاریکراو بەوەش کۆتایی هات بە یەکێک لە درێژترین جەنگەکانی سەدەی بیستەم.