ئیدارەی گەرمیان بێ تیروپشک هەشت کەس دادەمەزرێنێت
+964
هونەر فارس – گەرمیان
ئیدارەی گەرمیان، بێ بانگەواز و تیروپشک هەشت کەس بەشێوەی گرێبەست دادەمەزرێنێت. بەرپرسی راگەیاندنی ئیدارەکەش دەڵێ؛ دەسەڵاتی ئەوەمان پێدراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دەست +964 کەوتووە، لەچەند رۆژی رابردوودا هەشت کەس بە پیشەی جیاوازی وەک شۆفێر و باخەوان و کارگوزار، لە دیوانی ئیدارەی گەرمیان دامەزراون ، بەبێ ئەوەی بانگەواز بۆ دامەزراندنی ئەو کەسانە بکرێت.
چۆمان ئەحمەد، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی گەرمیان، بۆ +964 قسەی کردووەو دەڵێ؛ پێنج لەو کەسانە پێشتر بە خۆبەخش لە ئیدارەی گەرمیان کاریان کردووە، بۆیە بۆ دامەزراندنیان ئەولەویەت بەوان دراوە، “سێ کەسەکەی دیکەشیان، پێشتر بۆ داواکاریی هەلی کار سەردانی ئیدارەی گەرمیانیان کرد بوو، بەشێک لە دامەزراوەکانیش خاوەنی بڕوانامەی ئامادەیین، ئەوان بۆ بەشی شوفێری و کارگوزاری و باخەوانی دامەزراون”.
بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی گەرمیان ئاشکرای دەکات کە ئەو هەشت کەسەی دامەزراون گرێبەستەکەیان تەنیا بۆ ماوەی ساڵێکە، وتی “لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دەسەڵاتی دامەزراندنیانمان پێدراوە”.