لەمەولا بۆت نییە بە ئارەزووی خۆت نەشتەرگەری گەدە ئەنجام بدەی

964+

فەرمان سادق

لیژنەیەک بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری گەدە پێکدەهێندرێت و لەمەولا نەخۆش بێ رەزامەندی پێشوەختە بۆی نییە ئەنجامی بدات.

لیژنەکە لەسەر راسپاردەی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر پێکهێنراوە و لە سێ پزیشکی پسپۆڕ پێکهاتووە، ئەوانیش پزیشکی پسپۆڕی وردی کوێرە رژێنەکان، پزیشکی پسپۆڕی خۆراک و پزیشکی پسپۆڕی دەروونی.

هەر کەسێک بیەوێت لە نەخۆشخانەکانی گشتی یان تایبەت نەشتەرگەری گەدە ئەنجام بدات ئەوا پێشوەختە پێویستە لەلایەن لیژنەکەوە پشکنینی بۆ بکرێت و بڕیاری لەسەر بدرێت.

بەپێی نووسراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر بێت، ئەوانەی دەیانەوێت بە مەبەستی دابەزاندنی کێش نەشتەرگەری ئەنجام بدەن، ئەوا پێویستە رێکاری نا نەشتەرگەری بگرنەبەر، بۆ ئەوانەشی رەزامەندی نەشتەرگەری وەردەگرن پێویستە ریسکی مەترسییەکانی بۆ روون بکرێتەوە.