وەزیری پێشووی دارایی لەنێو داواکراوەکانی دزی سەدەدایە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

وەزیری پێشووی دارایی عێراق و سکرتێری تایبەتی سەرۆکوەزیرانی پێشوو، لەنێو ئەو داواکراوانەدان کە تۆمەتبارکراون بە تێوەگلان لە دزی سەدە و دیارنەمانی زیاتر لە سێ تریلیۆن دینار.

ئەمڕۆ یەکشەممە 6.8.2023، حەیدەر حەنون سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، گڵۆپی سوور لە دژی داواکراوانی دۆسیەی دزی سەدە هەڵکراوە و بەم نزیکانە یەکێک لە داواکراوەکان لە سعودیە دەگەڕیندرێتەوە عێراق.

بە وتەی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق، بەرپرسی پێشووی دەزگای هەواڵگری، وەزیری دارایی حکومەتی پێشوو، سکرتێری تایبەتی سەرۆکوەزیرانی پێشوو، هەروەها راوێژکاری سیاسی پێشووی سەرۆکوەزیرانیش لەنێو داواکراواندان.

“کارکردن بۆ وەرگرتنەوەی داواکراوەکان لە ئوردن و تورکیا، جگە لە وەرگرتنەوەی یەکێک لە داواکراوەکان لە سعوودیە، بەردەوامە و ئەمەش لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا دەگات بە ئەنجام”، حەیدەر حەنون وای وت.

پارە دزراوەکانی داهاتی باج بە زیاتر لە 3.7 ترلیۆن دینار دەخەمڵێندرێت کە لە رێگەى پێنج کۆمپانیاوە لەنێوان ئابى 2021 و ئەیلوولى 2022 لە بانکی رافیدەین براوە و دزییەکەش بە دزى سەدە ناوى دەرکردووە.