داهاتی ٢٥ خاڵی سنوری نا فەرمی لە كوردستان دیار نیە

“زۆرینەیان لە سلێمانین”

+964

ئاودێر عومەر- سلێمانی

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانید رایگەیاند؛ هەرێمی كوردستان ٢٥ خاڵی سنوری نا فەرمی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە کە داهاتەكەی ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقیش هیچ زانیارییەكی لە بارەیەوە نیە.

لەو کۆنگرە رۆژنامەوانیەدا کە پەیامنێری +964 ئامادەی بوو، سۆران عومەر وتی “زۆرینەی خاڵە سنورییە نا فەرمییەكان لە سنووری پارێزگای سلێمانیەو تەنیا دوو خاڵ نەبێت کە لە دهۆك و هەولێرن”.

قسەکانی سۆران عومەر لە کاتێکدایە هەرێمی کوردستان لە هەوڵدایە چەند دەروازەیەکی دیکە لەگەڵ ئێران بکاتە دەروازەی فەرمی، بەڵام سۆران عومەر دەڵێ؛ بەهۆی ناشەفافی داهات لە خاڵە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەنجامدانی كاری نا یاسایی، حكومەتی عێراق ئامادە نیە  مەرزەكانی كێلێ و پشتە و سازان لە سنوری پارێزگای سلێمانی بکاتە فەرمی، ئەو خاڵە سنوورییانەش كێشەیەكی گەورەیە لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق، بەشێكە لە خاڵەكانی گفتوگۆی نێوانیان”.