وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق: تەلەگرام مەترسییە بۆیە رامانگرت

+964

ژووری هەواڵ

لە عێراق راگرتنی تەلەگرام بوو بە راست، ئیتر بەس لە هەرێمی کوردستان کار دەکات و لە باقی شارەکانی تری عێراق جارێ بە تەمای مەبن.

دوێنێ یەک دوو جار تەلەگرام لە پارێزگاکانی عێراق راوەستا، کەرکوک و خانەقینی خۆشمانی گرتەوە، بەڵام ئیتر ئەمڕۆ بووە فەرمی.

وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق کەمێک پێش ئێستا رایگەیاند، پلاتفۆڕمی تەلەگرامیان راگرتووە لەسەر راسپاردەی ”لایەنە باڵاکان” بە چەند هۆکارێک کە پەیوەستە بە ئاسایشی نیشتمانی و دزەپێکردنی زانیاریی هاوڵاتیان.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت: ”دامەزراوە دەوڵەتییەکانی پەیوەندیدار، چەند جارێک داوایان لە کۆمپانیاکە کردووە کە هاوکاربێت لە داخستنی ئەو پلاتفۆڕمانەی هۆکارن بۆ دزەپێکردنی زانیاری دامەزراوەکانی دەوڵەت و هاوڵاتیان، بەڵام کۆمپانیاکە نەهاتووە بە دەنگیانەوە”.