باوەشاسوار بۆ گەشتیاری ئامادە دەکرێت

میلاد جەلال – کفری

شارەوانيی کفری بەنداوی باوەشاسواری لەو قامیش و زەلانە پاک کردەوە، کە کەوتبووە بەشی خوارەوەی بەنداوەکە و بۆ پرۆژەی گەشتیاری ئامادە دەکرێت.

پاککردنەوەی بەنداوەکە بە ھاوکاری چەند خێرخوازێکی قەزاکەیە ، درێژییەکەی نزیکەی کیلۆمەترێک دەبێت و ماوەی 10 رۆژ دەخایەنێت.

عەلی خورشید سەرۆکی شارەوانیی قەزای کفری بە 964ى وت، “وەبەرھێنەرێک پرۆژەیەکی گەشتیاری لەسەر بەنداوی باوەشاسوار پێشکەش کردووە و لە قۆناغی دیزاین و دیراسەکردنداین”.

ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆژەکە پرۆژەیەکی تێکەڵی بازرگانی و گەشتیارییە و چاوەڕوانن لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بەکارەکانی بکرێت.

بە گەشتیاریکردنی بەنداوی باوەشاسوار یەکێکە لە داواکاری مانگرتووانی قەزاکە و ماوەی 27 رۆژە لەسەر شەقامن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی