لە بەغدا 100 ماڵ بۆ جەماوەری یانەی هەولێر ئامادەکراوە

+964

جەماوەری یانەی قوە جەوییە رایانگەیاند لە بەغدا 100ماڵیان ئامادەکردووە بۆ جەماوەری یانەی هەولێر تا بە بێخەم لەو شارەدا بحەوێنەوە.

ئەم ئێوارەیە هەولێر و قوە جەوییە یارییەکی یەکلاکەرەوەیان هەیە، براوەیان دەبێتە پاڵەوانی جامی عێراق، بەڵام یارییەکە بۆ جەوییە لە بارترە، چونکە ئەو خانەخوێیە و هەولێر میوانە.

دوێنێ و ئەمڕۆ بە هەزاران کەس لە جەماوەری هەولێر بە پاس و ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان بەرەو بەغدا کەوتوونەتە رێ، لە بەغدا هاوار بۆ یانە دڵخوازەکەیان دەکەن بۆ ئەوەی ببنە یاریزانی ژمارە دوانزە و بە هۆیەوە هەولێر بباتەوە.

هاندەرەکانی هەولێر لە هیچیان کەم نییە، بەڵام لەوێ شوێنی مانەوە ئاسان دەست ناکەوێت، جەماوەری قوە جەوییەش جوابیان ناردووە دەڵێ خەمتان نەبێت ئێوە میوانی ئێمەن جێگەمان بۆ دابین کردوون.

ژمارەیەک لە هاندەرە سەرسەختەکانی قوە جەوییە کە بە (ئۆڵتراس) ناسراون، بە میدیا عێراقییەکانیان وتووە، 100 ماڵیان لە مەدینە سەدر و ناوچەکانی دیكه‌ ئامادەکردووە بۆ ئەوەی هاندەرانی هەولێر لێی بمێننەوە، خانووەکان بەشێکیان چۆڵکراون و هەموو پێداویستییەکیان تێدایە، بەشێکیشیان خاوەن ماڵ لەوێیە و میواندارییان دەکات، جەماوەری قوە جەوییە وتوویانە دەیانەوێت بەم شێوەیە رۆحی وەرزشی بەهێز بکەن.

نەریتی میوانداریکردن هاندەرانی وەرزشی لە عێراقدا زیاتر سەرەتای ئەمساڵ لە سەردەمی جامی کەنداو گەشەی سەند، ئەوکات بە سەدان کەسی خەڵکی بەسرە لە ماڵی خۆیاندا میوانداری میوانە خەلیجییەکانیان کرد.

هاوكات بڕیاره‌ یانه‌ی جه‌وییه‌ یارییه‌كانی خۆی له‌ خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئاسیا له‌ هه‌ولێر ئه‌نجام بدات و ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه‌ش بۆی هه‌یه‌ له‌ لایه‌ن هانده‌رانی هه‌ولێریشه‌وه‌ بۆ ئه‌وان دووباره‌ ببێته‌وه‌.