عێراق 375 هەزار دەنگدەری نوێی تۆمار کرد

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

تاوەکو ئێستا، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکەنی عێراق نزیکەی 375 هەزار دەنگدەری نوێی تۆمار کردووە و ئەو هاوڵاتییانە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان مافی دەنگدانیان دەبێت.

ئەمڕۆ هەینی 4.8.2023، داود سلێمان بەڕێوەبەری راهێنانەکان لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، تا ئەمڕۆ 375 هەزار دەنگدەری نوێ خۆیان تۆمارکردووە و لە 91٪ـی هاوڵاتیانیش کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە.

بە وتەی داود سلێمان، لە بنکەکانی کۆمسیۆن یەک ملیۆن کارت ماوە کە دابەش نەکراون و تیمەکانیان لە رۆژانی پشوشدا لە کارەکانیان بەردەوام دەبن و پشوو وەرناگرن.

پارێزگای دیالە لە خۆتۆمارکردن و وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان لە پلەی یەکەمدایە و لە 98٪ـی دانیشتوانی ئەو پارێزگایە کارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە.

بڕیارە رۆژی 18ی کانونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق، بەبێ هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت و لەسەر ئاستی عێراق 285 کەس بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵدەبژێردرێن.