لەبەر دوو هۆکار

رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان خزمەتگوزاری کەمپەکانیان راگرتووە

964+
ئەحمەد مستەفا

رێکخراوە کۆمەککار و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان خزمەتگوزاریی ئاوارەکانیان لە سلێمانی، بۆ نزیکەی لە 0% راگرتووە.

بەگوێرەی سۆراغی 964، پرسی کۆمەک و خزمەتگوزارییان بۆ حکومەتی عێراق جێهێشتووە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا خزمەتگوزارییەکانی، ئاو، کارەبا، مۆلیدە و تەندروستی بێبەرامبەر پێشکەشی ئاوارەکان دەکات.

رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان “UN” و بە تایبەت هەرسێ لقی ئاژانسەکانی (WFP ،UNICEF ،UNHCR) کە لەبواری خۆراک و پەروەردە و خزمەتگوزاری کاردەکەن کارەکانیان راگرتووە.

عامر عادل، ئەندامی شانەی قەیرانەکانی سلێمانی و بەرپرسی کەمپی ئاشتی بۆ 964ـی ئاشکراکرد، “ماوەی شەش مانگە رێکخراوی WFP پارەدارکردنی خۆراکی بۆ ئاوارەکانی ناو کەمپی ئاشتی وەستاندووە”.

ئەو ئەندامەی شانەی قەیرانەکان دەڵێت، “زۆرینەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و بەخششە داراییەکانیان تا نزیکەی لە سەدا 0% کەمکردووەتەوە، کە ئەوەش کاریگەری تەواوی بەسەر ئاوارەکانەوە جێهێشتووە”.

دواین داتای ناوەندی قەیرانەکانی ھەرێمی کوردستان ئاشکرایکردووە، لە ھەرێمی کوردستان 30% ئاوارەکان لە 36 کەمپ دەژین، لە بەرانبەردا %70یان لە دەرەوەی کەمپ و لەناو دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان دەژین بەجۆرێک لە ھەولێر: 41%، 
سلێمانی: 19%
 و دھۆک: 40%.

رێکخراو و ئاژانسەکان، هەموو ئەو راگرتنی خزمەتگوزارییانەیان بۆ بوونی شەڕ لە ئۆکرانیا و بەردەوامی قەیرانی مرۆیی، هەروەها بەرزبوونەوەی یەدەگی دراو و ئاڵتون لە عێراق گەڕاندووەتەوە.

عامر عادل دەڵێت، “ئەوان پێشکەشکردنی ئەو هاوکارییانەیان بۆ حکومەتی عێراق جێهێشتووە، کە لێدوانەکان لەبارەی گەشەی فرۆشی نەوت و یەدەگی وڵات کاریگەری راستەوخۆی لێکردوون تا هاوکارییەکان رابگرن”.