ئایفۆن 15.. چاوەڕوانییەکان نزیکن لە کۆتایی

964+

عادل کانەبی

کۆمپانیای ئەپڵ ئامادەکاری دەکات بۆ نمایشکردنی ئایفۆن 15، کە پێشبینی دەکرێت ئایفۆنە نوێیەکە بە شاحینەی گالاکسی و هواوی شەحنبکرێتەوە.

هەوادارانی ئایفۆن بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی نوێترین وەشانی ئایفۆنن، کە کۆمپانیای ئەپڵ لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا رایدەگەیەنێت.

بەگوێرەی پێگەی بلومبێرگ، کۆمپانیای ئەپڵ چەند گۆڕانکارییەکی نوێ لە مۆبایلە تازەکەیدا کردووە، لەوانە دەرچەی تایپ سی زیاد کردووە کە یارمەتی بەکارهێنەرانی دەدات بە کێبڵی مۆبایلەکانی تریش بارگاوی بکرێتەوە.

هەروەها بە گوێرەی پێشبینییەکان، نرخی ئایفۆن 15 زیاتر دەبێت لە ئایفۆنەکانی پێش خۆی و چاوەڕوان دەکرێت لە 799 دۆلارەوە دەستپێ بکات تاوەکو 1299 دۆلار، بەڵام ئەم نرخانە فەرمی نین.

دەوترێت وەشانی ئایفۆن 15پرۆ ماکس نرخەکەی لە نێوان 100 بۆ 200 دۆلار گرانتر دەبێت، لە چاو وەشانی ئایفۆن 14پرۆ ماکس.

شارەزایانی تەکنەلۆژیا پێشبینی ئەوە دەکەن کە کامێرای وەشانی نوێی مۆبایلەکە 48 مێگاپێکسڵ بێت و کوالێتی وێنەکانی وردتر و بەرزتربێت.

کۆمپانیای ئەپڵ، هەموو ساڵێک لە مانگی ئەیلول نوێترین بەرهەمی خۆی لە ئاهەنگێکی تایبەت نمایش دەکات و دوای دوو هەفتە لە نمایشکردنی دەیخاتە بازاڕەوە.