دادگای فیدراڵی: یاسای بودجە کێشەی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم چارەسەر دەکات
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
سەرۆکی دادگای فیدراڵی عێراق دەڵێت، یاسای بودجە کێشەی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم چارەسەردەکات و ستایشی پەبەندبوونەکانی حکومەتی هەرێم دەکات بە بڕیارەکانی دادگاوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2.8.2023، جاسم محەمەد عەبود سەرۆکى دادگاى فیدراڵیی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، لە ماوەى رابردوودا حکومەتى هەرێم بە رێژەیەکى زۆر پابەندى بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵى بووە و ئەوەش رێگەخۆشکەربووە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا.
جاسم محەمەد عەبود دەشڵێت، “دیارترین بڕیارى دادگاى فیدراڵى، کە لە ماوەى رابردوودا هەرێمى کوردستان پێوەى پابەند بوو، بڕیارى بە نادەستووریی ناساندنى درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانى کوردستان بوو”.
رۆژی 12ـی حوزەیران، پەرلەمانى عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 پەسندکرد، بڕیاروایە بە رێژەی 12.67 مانگانە بودجە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
قەبارەی بودجەکە بۆ هەرساڵێک نزیکەی 199 تریلیۆن دینارە و ساڵانە 16 تریلیۆن دیناریش لەو بڕە، پشکى هەرێمى کوردستانە.