داوای لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی شاخی بەرانان دەکرێت
+964
میلاد جەلال – گەرمیان
لەسەر ئەو رووداوە هاتوچۆیەی کە لەسەر شاخی بەرانان روویدا و بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەست دا، قایمقامی دەربەندیخان داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە دەکات.
دوای داخرانی تونێلی دەربەندیخان بەھۆی نۆژەنکردنەوەی شەقامی بەردەم تونێلەکە، ھاتوچۆی شۆفێران کەوتە سەر شاخی بەرانان و لەو رێگەیە لە رووداوێکی ھاتوچۆدا پێنج کەس گیانیان لەدەست دا، قایمقامی قەزاکەش دەڵێت پێویستە لایەنی کەمتەرخەم سزا بدرێت.
سلێمان محەمەد قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە 964ى وت، “لە چەند رۆژی داھاتوودا نووسراوی فەرمی ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار دەکەین، بۆ ئەوەی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە سەبارەت بەو رووداوە ھاتوچۆیەی سەرشاخی بەرانان دروست کرێت و ھەر لایەنێک کەمتەرخەم بێت پێویستە سزا بدرێت”.
ئەمە لەکاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 2.8.2023، بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی دەربەندیخان لە راگەیاندراوێکدا باسیان لەوەکرد چەندین جار ھاواریان کردوە تونێلەکە دانەخرێت و تەنیا شەقامێکی پێش تونێلەکە دابخرێت.
لەبەرامبەریشدا، سلێمان محەمەد ئاماژەی بەوەکرد، “ھیچ لایەنێک بە شێوەی فەرمی و نافەرمیش داوایان لە ئێمە نەکردووە تونێلەکە دانەخرێت”.
ئێوارهی دوێنێ سێشەممە 1.8.2023، رووداوێكی سهختی هاتوچۆ له چیای بهرانان له نزیك دهربهندیخان روویدا، كه بارههڵگرێك خۆی به ئۆتۆمبێلێكی نیسان سهنیدا كێشا و كهوتهسهری، بهم هۆیهوه پێنج كهسی یهك خێزان گیانیان لهدهست دا.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر