پێنج بەشی تازەشی بۆ دەکرێتەوە
کۆلێژی تەکنیکی کەلار لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی جیاکرایەوە
+964
میلاد جەلال – گەرمیان
کۆلێژی تەکنیکی کەلار لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی جیاکرایەوە و خرایە سەر زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان، پێشنیارکراوە بۆ ئەمساڵی خوێندن پێنج بەشی تازەشی بۆ بکرێتەوە.
چیا محەمەد وەک سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان دەستنیشانکراوە و لە ھەفتەی داھاتووەوە پرۆپۆزەڵی ئەو کۆلێژ و پەیمانگایانەی کە بڕیارە لە قەزای کفری بکرێنەوە، دەنێردرێن بۆ وەزارەت بۆ ئەوەی رێکارە یاساییەکان تەواو بکرێن و بۆ ئەمساڵی نوێی خوێندن خوێندکار وەربگرن.
“پێشنیار کراوە کە پێنچ بەشی نوێ لە کۆلێژ و پەیمانگاکەی کفری بکرێنەوە بۆ ئەمساڵ، ئەوانیش بەشەکانی نەوت و ئایتی بۆ کۆلێژ، ھەروەھا شیکاری نەخۆشییەکان و ژمێریاری و یەکێک لە بەشەکانی میدیا بۆ پەیمانگاکە”، ئەوە وتەی چیا محەمەد سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیانە بۆ 964.
زانکۆکە ئێستا لە 10 بەشی زانستیی بەیانیان و شەش بەشی زانستیی ئێواران پێکھاتووە.
لە رێکەوتی 19.6.2023، بە فەرمانێکی حکومی بڕیاردرا بە دامەزراندنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان، کە ناوەندەکەی قەزای کەلار دەبێت، بە بڕیاری وەزیری خوێندنی باڵاش کۆلێژ و پەیمانگایەکیشی لە قەزای کفری دەبێت.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر