هەتا چوار رۆژی دیکە دوکانەکانیان نەکەنەوە سزا دەدرێن
+964
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
گەشتوگوزاری زاخۆ کوتا مۆڵەت دەداتە خاوەن دوکانەکانی بازاڕی کۆنی گەشتیاریی زاخۆ، تا چوار رۆژی دیکە دوکانەکانیان بکەنەوە.
بڕیارە لەم مانگەدا هەردوو پڕۆژەی گەشتیاریی بازاڕی کۆنی زاخۆ و کۆرنیشی پردی دەلال لە مەراسیمێکی فەرمیدا بکرێنەوە.
بێوار سندی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری زاخۆ بە 964ی وت، بازاڕەکە 98% تەواوبووە و زیاتر لە جارێکە ئاگاداری ئەو دوکاندارانە دەکەینەوە، ئەمجارەیان کۆتا مۆڵەتە، پێچەوانەوە رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر.
“بازاڕەکە مێژوویی و کولتوری و گەشتیارییە، قبوڵ ناکەین دەستکاری دیکۆر و دیزاینی دوکانەکان بکەن، تەنانەت ریکلامی دوکانیش قەدەغەیە و هەر دوکانێک کۆدێکی تایبەتی دەبێت”، بێوار سندی وای وت.
بازاڕی کۆنی زاخۆ دەکەوێتە سەنتەری شاری زاخۆ، مێژووەکەی بۆ 130 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، زیاتر لە 150 دوکانی تێدایە.
نزیکەی هەشت مانگە ئیدارەی زاخۆ، دەستی بە نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە کردووە و ئێستا لە کۆتا قۆناغیدایە و بازاڕەکە تایبەت دەبێت بە فروشتنی کەرەستەی کولتوری و دەستی و چایخانە و خواردنگەکان.
دوکاندارێکی بازاڕەکە نەیویست ناوی بهێنرێت بە 964ی وت، “ئەوان دەڵێن نابێت دەستکاری دوکانەکان بکەن، نە موبەریدە و نە سپلیتی تێدا نییە، ئێمە چۆن دەتوانین بەم گەرمایە دوکانەکان بکەینەوە”.
ئەو دوکاندارە جگە لە دەستنیشانکردنی ئەو هۆکارە، دەڵێت هێشتا بازاڕەکە هەمووی تەواو نەکراوە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی