وەزارەتی دارایی هه‌رێم له‌ باره‌ی هاتنی پاره‌ له‌ به‌غدا روونكردنه‌وه‌ی دا

+964
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی هه‌رێمی كوردستان له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا ده‌ڵێن، هیچ شتێکی فەرمیمان بەدەست نەگەیشتووە سەبارەت بە ناردنی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان له‌ به‌غداوه‌.

وه‌زاره‌تی دارایی ده‌ڵێن، “ئێوارەی ئەمڕۆ لە چەندین میدیا و کەناڵ و پەیجی سۆشیال میدیا هەواڵی ناردنی بودجە و موچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بڵاو کرایەوە، به‌ڵام بۆ رای گشتی و سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندنی روون دەکەینەوە:

1- تا ئەم ساتە هیچ بڕە پارەیەک لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نەخراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم و لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
2- لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق و هیچ دام و دەزگایەکی حکومەتی عێراقەوە هیچ شتێکی فەرمیمان بەدەست نەگەیشتووە سەبارەت بە ناردنی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
3- هەر کات هەر بڕە پارەیەک خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی بە فه‌رمی و شەفافانە کات و بڕەکەی رادەگەیەنین، هەروەک پێشتر کردوومانە.
4- تکاتان لێ دەکەین متمانە بەو کەناڵ و سایت و پەیجانە مەکەن، کە رۆژانە نابەرپرسیارانە یاری بەهەست و سۆزی فەرمانبەران و موچەخۆران دەکەن و هەواڵی ناڕاست و چەواشەکارانە لەسەر دابەشکردنی موچە بڵاودەکەنەوە.
5- بۆ دەستکەوتنی هەواڵی راست و دروست لەسەر کاتی دابەشکردنی موچە و هەر بابەتێکی دیكه‌ی فەرمی، پشت بە راگەیاندن و کەناڵە فەرمییەکانی حکومەت و وەزارەتی دارایی ببەستن.

ئه‌م روونكردنه‌وه‌یه‌ له‌ كاتێكدایه‌، ئه‌م ئێواره‌یه‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆكی وه‌زیرانی عێراق، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند، پشکی هەرێم لە بودجەی ئەم مانگە رەوانەی هەرێم کراوە.