لە هەر کاتژمێرێکدا نزیکەی تۆنێک زبڵ لە بازاڕی ئیسکان فڕێدەدرێت
964+
فەهمی نەبی
بازاڕی ئیسکانی شاری هەولێر شەو و رۆژ ناخەوێت، هەر هەشت سەعات جارێک پاکدەکرێتەوە و نزیکەی 14 تۆن پاشماوەی لێ فڕێدەدەن، بەمەش بۆ هەر کاتژمێرێک نزیکەی تۆنێک زبڵ دەکات.
ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر بە 964ی وت، تیمەکانیان لە ماوەی 24 کاتژمێردا سێ جار بازاڕی ئیسکان پاک دەکەنەوە، کاتژمێر 5:00ی بەیانی، کاتژمێر 10:00ی بەیانی، کاتژمێر 4:00ی ئێوارە.
بە گوێرەی وتەی بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر، لە شەو و رۆژێکدا تیمەکانیان 13 بۆ 14 تۆن زبڵ و پاشماوەی خواردن لە بازاڕی ئیسکان کۆدەکەنەوە.
بازاڕی ئیسکان دەکەوێتە چەقی شاری هەولێر، یەکێکە لەو بازاڕانەی شەو و رۆژ ناخەوێت و جمەی دێت، بە خواردنی خێرا و چایخانەکانی بەناوبانگە، لە ساڵانی هەشتا شەقامی سەرەکی گەڕەکی ئیسکان تەنیا چەند دوکانێکی لێبوو، بەڵام ئێستا یەکێکە لە قەرەباڵغترین بازاڕەکانی هەولێر.